رۆژنامه عه‌ره‌بییه‌كان .. داعش له شكستى يه‌كجاره‌كى نزيكدهبێتهوه
توندڕه‌وی ئایینی له جیهانی ئیسلامی‌دا یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ی جێگه‌ی گرنگی پێدانی نوسه‌ران و چاپكراوه‌كان بووه.
K24 – ھەولێر:
گرنگترین بابه‌تی گه‌شتی ئه‌مڕۆ به‌نێو رۆژنامه و چاپكراوه عه‌ره‌بییه‌كاندا، بریتی بوون له جه‌نگی دژی داعش له رومادی و كاردانه‌وه‌كانى دواى كوژرانی زه‌هران عه‌لووش سه‌ركرده‌ی "جه‌یشی ئیسلامی" له‌سوریا. هه‌روه‌ها توندڕه‌وی ئایینی له جیهانی ئیسلامی‌دا یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ی جێگه‌ی گرنگی پێدانی نوسه‌ران و چاپكراوه‌كان بووه.
رۆژنامه‌ی وه‌ته‌ن له هه‌واڵێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه، سوپای عێراق توانی به‌نداوی رومادی له باكوری شاره‌كه كۆنترۆڵ بكاته‌وه و ده‌ستبگرێت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری به‌نداوه‌كه.
رۆژنامه‌ی ئه‌لسه‌باح ئه‌لجه‌دید سه‌باره‌ت به پێشڕهويیهكانی سوپای عێراقی به هاوكاری فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ئه‌مریكا هه‌واڵێكی بڵاوكردۆته‌وه به‌ناونیشانی: "هێزه ئه‌منیيه‌كان پرۆسه‌ی رزگاركردنه‌وه‌ی رومادى له پردی ئه‌لبو فه‌راج و حه‌وز ده‌ستپێكرد به‌ره‌و سه‌نته‌ری شاری رومادی پێشڕه‌وى ده‌كه‌ن".
له‌هه‌واڵه‌كه‌دا هاتووه یه‌كێك له‌هۆكاره‌كانی دواكه‌وتنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاری رومادی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ره‌چاوكردنی پاراستنی گیانی ئه‌و هاووڵاتیه مه‌ده‌نیانه‌ی داعش رێگره له ده‌ربازبوونیان.
رۆژنامه‌كه له‌سه‌ر زاری به‌رپرسانی سه‌ربازی عێراقی ئاماژه‌ی به فراوانی هێرشه‌كه كردووه و به‌كارهێنانی تانك و تۆپی دوورهاوێژ و پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی زیاتر له 60 بۆمبی چێندراو و رۆیشتن و پێشڕه‌وی كردن به‌ره‌و سه‌نته‌ری شاری رومادی باسكردووه. هاوكات باسيشى له پشتیوانی فڕۆكه جهنگیيهكانی هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی دژى داعش كردووه.
كوژرانی زه‌هران عه‌لووش به‌هۆی بۆردومانی فڕۆكه‌كانی رووسیا له سوریا، یه‌كێكه له‌و بابه‌تانه‌ی جێگه‌ی گرنگی پێدانی رۆژنامه‌كانه.
رۆژنامه‌ی ئه‌لحه‌یات لهبابهتێكیدا به‌ناونیشانی "جه‌یشی ئیسلامی رووبه‌ڕووی مه‌ترسی مانه‌وه ده‌بێته‌وه" باسی ئه‌و شكسته ده‌كات كه ئه‌و میلیشیا چه‌كدارييه رووبه‌ڕووی بووه‌ته‌وه. به‌تایبه‌تی له كاتێكدا كه جه‌یشی ئیسلامی پێگه‌یه‌كی دیاری هه‌یه له ریزه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا.
هه‌رله رۆژنامه‌كه هاتووه جه‌یشی ئیسلامی به‌په‌له كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان رێكخست و تێیدا عسام بویزانی ناسراو به "ئه‌بو هومام" ده‌ستنیشانكرا وه‌كو جێگره‌وه‌ی زه‌هران عه‌لووش كه له ئێواره‌ی رۆژی هه‌ینی له ئه‌نجامی بۆردومانی فڕۆكه‌كانی رووسیا كوژرا.
به گوێره‌ى زانیاری رۆژنامه‌ی ئه‌لحه‌یات بویزانی ته‌مه‌نی 40 ساڵه و له خێزانێكی بارزگانی شاری "دۆما"یه له رۆژهه‌ڵاتی دیمه‌شق، پێشتر ناوبراو بازرگانی كڕین و فرۆشتنی ئوتومبێل بووه‌و دواتر خۆی له‌كاری سه‌ربازی نزیك كردووه‌ته‌وه تاكو پله‌ی به‌رپرسیاریه‌تی له "جه‌یشی ئیسلامی" له سوریا وه‌رگرتووه.
ماڵپه‌ڕی ئه‌لجه‌زیره نێت له هه‌واڵێكدا ئاماژه‌ی به یه‌كه‌م وتاری عسام بویزانی كردووه‌و تێیدا هاتووه بویزانی داوای یه‌كڕیزی كردووه له لایه‌نه چه‌كداره‌كانی ئۆپۆزيسیۆنی سووریا و به‌ڵێنیداوه درێژه به شه‌ڕكردن بدات به مه‌به‌ستى تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی كوژرانی سه‌ركرده‌ی گروپه سهربازیيهكهیان .
سه‌رقاڵبوونی وڵاتانی زلهێزی جیهان به جه‌نگی داعش و گروپه توندڕه‌وه‌كانی دیكه‌ی "ئیسلامی" له عێراق و سوریا، هۆكارێكه بۆ ئه‌وه‌ی نوسه‌ران و شاره‌زایان دیدوبۆچوونیان زیاتر له‌سه‌ر توندڕه‌وی چڕبكه‌نه‌وه.
ئیبراهیم عه‌ره‌فات نووسه‌ر و شاره‌زايى ميسرى له رۆژنامه‌ی "ئه‌هرام"ی میسری بابه‌تێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه به‌ناونیشانی "رێكخستنی ده‌وڵه‌ت یان رێكخستنی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" نووسه‌ر له‌بابه‌ته‌كه‌یدا تیشكی خستووه‌ته سه‌ر لایه‌نه نێگه‌تیڤه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت له وڵاتانی و عه‌ره‌بی و له‌وتاره‌كه‌یدا مه‌ترسی خۆی له‌سه‌ر بوونی بیری ته‌كفیری و توندڕه‌وی نیشانداوه و پێی وایه "نابێت دڵمان خۆش بێت به ئۆپه‌راسیۆنه سهربازيیهكانی ده‌وڵه‌تان له‌دژی داعش"، ئه‌و ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر داعش له عێراق و سوریا له‌ناو ببرێت ته‌نیا بارودۆخه‌كه كاتیيهكه كۆتایی دێت، به‌ڵكو تیرۆر له‌وێنه‌یه‌كی دیكه و به‌شێوازێكی دیكه به‌رده‌وامی ده‌بێت".