لاریجانیی: لەسێدارەدان تاوانەكانی لە ئێران كەمنەكردووەتەوە

محەممەد جەواد لاریجانیی، بەرپرسی ناوەندی مافی مرۆڤ لە ئێران رایگەیاند، زۆربوونی لەسێدارەدان لە ئێران تاوانەكانی كەمنەكردووەتەوە

K24:

محەممەد جەواد لاریجانیی، بەرپرسی ناوەندی مافی مرۆڤ لە ئێران رایگەیاند، زۆربوونی لەسێدارەدان لە ئێران تاوانەكانی كەمنەكردووەتەوە، بۆیە پێویستە پێداچوونەوە بە یاسای سزادانی لەسێدارەدان بكرێتەوە.

ئاژانسەکانی ھەواڵە فەرمییەكانی ئێران لە زاری لاریجانییان گواستەوە کە لە كۆبوونەوەیەك لە زانكۆی سەنعەتی شەریفیی تاران گوتوویەتی: "دوای بەدواداچوونەكانەكانمان بۆمان دەركەوتووە كە زیادبوونی ژمارەی لەسێدارەدان نەبووتە ھۆی كەمبوونەوەی تاوانەكان لە ئێران".

لاریجانی گوتیشی: "پێموایە سەرۆكایەتیی دەزگای دادوەریی ئێران دەبێت بەو ئەنجامە گەیشتبێت كە زیادبوونی ژمارەی لەسێدارەدان لەم وڵاتە نەبووەتە ھۆی كەمبوونەوەی تاوانەكان، بۆیە پێویستە پێداچوونەوە بە حوكمەكانیاندا بكەنەوە".

ئەم لێدوانەی بەرپرسی ناوەندی مافی مرۆڤ لە ئێران، لەكاتێكدایە كە لەسەرەتای ئەم مانگەدا 70 ئەندامی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامیی ئێران پڕۆژەی نەھێشتنی حوكمی سێدارەدانیان بۆ تۆمەتبارانی بازرگانیكردن بە ماددەی ھۆشبەر پێشكەش بە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامیی كرد. 

زۆرترین ئاماری لەسێدارەدان لە ئێران تایبەتە بە بازرگانیكردن بە ماددەی ھۆشبەر و ناوەندەكانی بەرگریكردن لە مافی مرۆڤ بەردەوام نیگەرانیی خۆیان دەردەبرن لە بەرزبوونەی ئامارەكانی لەسێدارەدان لە ئێران.

Fly Erbil Advertisment