کلینتۆن: "داعش" کۆمەڵکوژیی لە دژی ئێزیدی و مەسیحییەکان ئەنجامداوە

K24:
هێلاری کلینتۆن، کاندیدی چاوەڕوانکراوی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا رایگەیاند تاوانەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامیی" دژی مەسیحییەکان و پێکهاتەی ئێزیدیی و پێکهاتە ئایینییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆمەڵکوژییە.
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی کوشتنی مەسیحییەکان و ئێزیدییەکان و موسڵمانانی کورد و پێکهاتە ئایینییەکان لە لایەن داعشەوە لە ناوچەکە، هێلاری کلینتۆن گوتی: "پێموایە پێش دوو مانگی هەمان پرسیارم لێکرا و گوتم ئەم دەستەواەیە گرنگییەکی یاسایی لەخۆدەگرێ، ئەمە تێگەیشتنێکی زۆر گرنگە".
هێلاری کلینتۆن، کە پێشتر وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو راشیگەیاند: "من دڵنیام بەڵگەی تەواومان لە بەردەستە کە دەیسەلمێنن ئەوەی روویدا کۆمەڵکوژییە بە ئامانجی لەناوبردنی بوونی مەسیحییەکان و پێکهاتە ئایینییەکانی دیکە".
ئەمە لە کاتێکدایە رێکخراوی داعش بە درێژایی دوو ساڵی رابردوو پێکهاتە ئایینییەکان و نەتەوەییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکاتە ئامانج، بەتایبەت پێکهاتەی ئێزیدیی کە بە هەزاران پیاو و ژنیان لەسەر دەستی داعش کوژران و رفێندران.