حدكا ھەڵوێستی خۆی لەبارەی ھەڵبژاردنی ئێران رادەگەیەنێت
ھەڵبژاردن لە ژێر سێبەری دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێراندا بایكۆت دەكەین
K24 – ههولێر:
ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامی ئێران و ئەنجوومەنی شارەزایان لە ئێران بەڕێوەیە و حزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران ئەو ھەڵبژاردنە بایكۆت دەكات.
تەیموور مستەفایی، ئەندامی دەفتەری سیاسی حزبی دێموكڕاتی كوردستان، بە كوردستان 24ی راگەیاند:" ئێمە بە گشتی ھەڵبژاردن لە ژێر سێبەری دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێراندا بایكۆت دەكەین و لە چەند رۆژی داھاتوودا بە فەرمی ھەڵوێستی خۆمان سەبارەت بە ھەڵبژاردنی ئەمجارە لە ئێران رادەگەیەنین."
ههروهها گوتی: " ھەڵبژاردن لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیی تەنیا شانۆیە و لە كۆتاییدا ئەو كاندیدانە دەستنیشان دەكرێن، كە لە لایەن دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامییەوە دیاری كراون."
ئەو بەرپرسەی حدكا گوتیشی: " ھەرچەندە ئێمە ناڵێن سەرجەم ئەو كەسانی كە خۆیان بۆ بەدەستھێنانی كورسی ئەنجوومەنی شارەزایان و ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامی ئێران كاندید كردووە، خراپن، بەڵام لە كۆتاییدا ھەمووان بە فیلتەری شوورای نیگھباندا تێپەڕن، كەوایە خەڵك ناچارن لە نێوان خراپ و خراپتر یەكییان ھەڵبژێرن."
كەمتر لە دوو مانگی دیكە ھەر دوو ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامی و ئەنجوومەنی شارەزایان لە ئێران بەڕێوەدەچێت و ژمارەی كاندیدەكان لە رۆژھەڵاتی كوردستان لەچاو خولەكانی دیكە زۆر زیاترە.