به ڤیدیۆ... ئه‌مڕۆ بۆ هانده‌رانی هه‌ولێر وه‌ك جه‌ژن وابوو
له خولی نایابی كوردستان ئارارات و هه‌ولێر یه‌كه‌م سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ستهێنا
K24 ـ هه‌ولێر
ئه‌مرۆ له كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌می خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان، یانه‌كانی هه‌ولێر و ئارارات به‌ربه‌ستی یانه‌كانی زێره‌ڤانی و زاخۆیان بڕی و یه‌كه‌مین سه‌ركه‌وتنیان له خوله‌كه تۆمار كرد، هه‌ردووكیشیان به 4 خاڵ خانه‌كانی یه‌كه‌م و دووه‌می گرووپه‌كه‌یان گرت، یانه‌ی شێروانه‌یش وه‌ك هه‌میشه خووی به یه‌كسان بوون گرتووه و، بۆ سێیه‌مینجار له‌سه‌ریه‌ك به خاڵێك له یاریگه دێته ده‌ر.
ئارارات ـ زاخۆ
ئه‌م یارییه ئه‌مرۆ له شارۆچكه‌ی پیرمام به‌ڕێوه چوو، سه‌عد ناسر كه له شوێنی سه‌مه‌د جه‌وهه‌ر ئه‌ركی مه‌شق و راهێنانی یانه‌ی ئاراراتی وه‌رگرتووه، یه‌كه‌مین سه‌ركه‌وتنی بۆ یانه‌كه‌ی تۆمار كرد و به دوو گۆڵێ بێوه‌ڵام له یانه‌ی زاخۆیان برده‌وه.
گۆڵه‌كانی یانه‌ی ئارارات له لایه‌ن (سه‌هه‌ند هیمداد و عه‌لی عه‌زیز) تۆمار كران.
یانه‌ی ئارارات له‌م وه‌رزه خاوه‌نی یه‌كسان بوونێك، شكستێك و بردنه‌وه‌یه‌كه، به 4 خاڵ خانه‌ی دووه‌می گرتووه، یانه‌ی زاخۆیش به 3 خاڵ له خانه‌ی یه‌كه‌مه‌وه بۆ خانه‌ی پێنجه‌م خزا.
شێروانه ـ كه‌ركووك
ئه‌م یارییه له شارۆچكه‌ی كه‌لار به‌رێوه چوو، ناونیشانی یارییه‌كه یه‌كسانبوون بوو به گۆڵێك بۆ هه‌ر لایه‌كیان، یانه‌ی كه‌ركووك له گێمی یه‌كه‌م له ڕێگه‌ی عه‌لی حوسێن ده‌ستپێشخه‌ری گۆڵتۆماركردنیان كرد، به‌ڵام له گێمی دووه‌م، ئه‌نه‌س مالیك هێرشبه‌ری یانه‌ی شێروانه ئه‌نجامه‌كه‌ی یه‌كسان كرده‌وه، یارییه‌كه‌یش تاكۆتایی هه‌ر به‌م ئه‌نجامه مایه‌وه.
یانه‌ی شێروانه به 3 خاڵ خانه‌ی چواره‌می گرتووه، كه‌ركووكیش به 4 خاڵ بۆ خانه‌ی سێیه‌م سه‌ركه‌وتووه.
هه‌ولێر ـ زێره‌ڤانی
ئه‌مرۆ بۆ هانده‌رانی یانه‌ی هه‌ولێر رۆژێكی خۆش بوو، ساڵانێكی زۆره هانده‌رانی یاریگه‌ی فره‌نسۆ هه‌ریری ئه‌م فێستیڤاڵی گۆڵتۆماركردنه‌ی وه‌ك ئه‌مڕۆیان نه‌بینی بوو، كاتێك یانه‌كه‌یان به 5 گۆڵ به‌رانبه‌ر تاكه گۆڵێك له یانه‌ی زێره‌ڤانی پاڵه‌وانی 3 وه‌رزی رابردووی خوله‌كه‌یان برده‌وه و له لوتكه‌ی خوله‌كه‌یش جێگیر بوون.
له‌م ڤیدیۆیه‌ی خواره‌وه سه‌رجه‌م گۆڵه‌كان ببینن له‌گه‌ڵ راپۆرتێكی ده‌رباز ئه‌حمه‌د په‌یامنێری كوردستان 24 كه شیكردنه‌وه بۆ یارییه‌كه ده‌كات.