رۆژنامه عه‌ره‌بییه‌كان: كورد داوای جیابوونه‌وه ده‌كات
گۆڕانكارییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و پرسی دابه‌شبوونی عێراق، له‌و نێوانەشدا جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و دامه‌زراندنی قه‌واره‌ی سه‌ربه‌خۆ بابه‌تێكی گرنگی ژمارەی ئەمڕۆی رۆژنامه عه‌ره‌بییه‌كانه.
K24ـ هه‌ولێر:
گۆڕانكارییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و پرسی دابه‌شبوونی عێراق، له‌و نێوانەشدا جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و دامه‌زراندنی قه‌واره‌ی سه‌ربه‌خۆ بابه‌تێكی گرنگی ژمارەی ئەمڕۆی رۆژنامه عه‌ره‌بییه‌كانه.
رۆژنامه‌ی ئه‌لقودسی عه‌ره‌بیی لە راپۆرتێكدا به ناونیشانی (زۆرینه له كوردستانی عێراق لایه‌نگری جیابوونه‌وه‌ن) دەڵێ: "سه‌باره‌ت به پرسی راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردیی، بۆچوونی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان وه‌رگیراوه".
رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ش دەکات کە: "80% خه‌ڵكی كوردستان ئێستا به‌كاتێكی گونجاو ده‌زانن بۆ راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی چاكسازیی".
گواستنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك له دانیشتوانی شاری رومادی دوای كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن سوپای عێراق، مژاری ژمارەی ئەمڕۆی رۆژنامەی ئهلنههاری لوبنانییە کە دەڵێ: "هێزه‌كانی عێراق 635 كه‌سی مه‌ده‌نییان له شاری رومادی بۆ خێوتگەیەک لە ناوچەی ئهلحهباینیه له شارۆچكه‌ی ئهلخالدییه گواستووەتەوە".
له‌باره‌ی خراپیی ره‌وشی ئاسایشی شاری به‌غدا و به‌رپرسیارێتی هێزه ئه‌منییه‌كان، رۆژنامه‌ی ئه‌لبه‌یانی ئیماراتیی لە هه‌واڵێكدا دەڵێ: "لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگریی له په‌رله‌مانی عێراق به‌رپرسیارێتی هه‌ڵكشانی تاوانه‌كانی له شاری به‌غدا خستووه‌ته ئه‌ستۆی حكوومه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادیی".
رۆژنامه‌كه دەشڵێ: بەگوێرەی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگریی له په‌رله‌مانی عێراق، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌رپرسه له زۆربوونی تاوانه‌كانی كوشتن، دزیی، رفاندن، هه‌روه‌ها تاوانه بە پلان كه له ناوچه جۆراوجۆره‌كانی شاری به‌غدا نیشانه‌ی پرسیاریان خستووەتە سەر توانای هێزه ئه‌منییه‌كان له‌و پایتەختی عێراق.