سەعدی پیرە: ئەوانەی دژی رێككەوتنی ستراتیژین كۆڵبدەن باشترە

ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نيشتيمانى كوردستان، سه‌عدى ئه‌حمه‌د پيره‌، رایگەیاند، ھیچ بە دیلێك بۆ رێكەوتننامەی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی نیيە و دەبێت بەردەوام بێت.

K24 – ھەولێر:

ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نيشتيمانى كوردستان، سه‌عدى ئه‌حمه‌د پيره‌، رایگەیاند، ھیچ بە دیلێك بۆ رێكەوتننامەی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی نیيە و دەبێت بەردەوام بێت.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ماڵپه‌ڕى كوردستان 24، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتى: "كێشەكانی هه‌رێم بە تایبەتی لە نێوان پارتی و یەكێتی پەیوەندی بە ناوەڕۆكی رێككەوتننامەكەوە نیە، ئەو رێككەوتننامەیە رێكوتۆكمەیە، ئێمە و ھەموو خەڵكی كوردستان سوودی باشمان لێوەرگرتووە، كێشە لە ناوەڕۆكی رێككەوتننامەكەدا نیە كێشە لە جێبەجێكردنیدایە، ئەگەر بمانەوێت ئەو رێككەوتننامەیە باشتر بكەین دەبێ باش جێبەجێی بكەین".

سەعدی پیرە، گوتیشی: "ھیچ بە دیلمان نیە دەبێت رێككەوتننامەی ستراتیژی بەردەوام بێت، ھەموو جار ھەندێك برادەر ئیجازە بە خۆیان دەدەن دەڵێن رێككەوتننامەكە تەواو بووە، بەڵام كە دەگاتە تەنگەژەیەك دەڵێن ئەی رێككەوتننامەی ستراتیژیمان نیە، پێم وایە ئەوانەی دژی رێككەوتننامەی ستراتیژین كۆڵبدەن باشترە".

دوای سەرھەڵدانی كێشە دارایی و سیاسییەكان لە باشووری كوردستان، جارێكی دیكە رێككەوتننامەی ستراتیژی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بووەتە جێى باس و خواسی ھەندێك لە سەركردەكانی ھەردوولا و میدیا، كە بەشێكیان بە گرنگی دەزانن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ھەرێمی كوردستان لەو قۆناغەدا رێككەوتننامەی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی نوێ بكرێتەوە.