چەند راستییەک لەسەر باڵۆن دۆر

K24 ـ هه‌ولێر

هه‌ڵبژاردنی باشترینه‌كانی ساڵ بۆ باشترین پێكهاته‌، یاریزان و راهێنه‌ر، له‌گه‌ڵ ده‌ستنیشانكردنی خه‌ڵاتی پوشكاش تایبه‌ت به‌ جوانترین گۆڵی ساڵ، له‌ رێگه‌ی ده‌نگی ڕاهێنه‌ر و كاپتنی هه‌ڵبژارده‌ی وڵاته‌كان و ئه‌ندامانی فیفا له‌ پیاوان و ئافره‌تان، هه‌روه‌ها له‌ هه‌ر وڵاتێكیش ڕۆژنامه‌نووسێك مافی ده‌نگدانی هه‌یه‌.

بڕیاریشه‌ ئه‌مشه‌و له‌ كات 8:30 له‌ مه‌راسیمێكدا له‌ وڵاتی سویسرا و له‌ شاری زیۆرخ ناوی باشترینه‌كان ڕابگه‌یه‌ندرێت.

له‌مباره‌یه‌وه‌ چه‌ند راستییه‌ك له‌سه‌ر ئه‌م خه‌ڵاته‌ بخوێنه‌وه‌ كه‌ به‌ باڵۆن دۆر ناسراوه‌.

 

 یەکەم: تۆپی زێرین خەڵاتێکی ساڵانەیە و لە ١٩٥٦ گۆڤاری فرانس فوتبۆڵی فڕەنسی بیرۆکەی خەڵاتەکەی دروستکرد، یەکەم خەڵاتیش بووە بەشی ستانلی ماتیۆزی ئەفسانەی بەریتانی، تا ساڵی ١٩٩٤ ئەم خەڵاتە تەنھا دەبەخشرا بە باشترین یاریزانە پیشەگەرەکانی کیشوەری ئەورووپا.

دووەم: فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیھان ( فیفا) ئەم خەڵاتەی نە بەخشی بە باشترین یاریزانی جیھان تا ساڵی ١٩٩٠، ئەوکاتەی ماتیۆس دوای سەرکردایەتیکردنی ھەڵبژاردەی ئەڵمانیای رۆژئاوا لە بردنەوەی جامی جیھانیی ناسناوەکەی پێبەخشرا.

سێیەم: فرانس فوتبۆڵ تا ساڵی ١٩٩٥ چاوەرێی کرد بۆ گۆرینی یاساکانی دیاریکردنی براوەی خەڵاتی بالۆن دۆر لە ئەوروپا, بۆ ئەوەی ھەلێک بدرێت بەو یاریزانانەی بیانین لە ئەوروپا و ناوییان بچێتە نێو لیستی پالێوراوان, لە کۆتایی ئەو ساڵەشدا جۆرج ویای لیبیری بووە یەکەم یاریزانی بیانی لە ئەوروپا ئەم خەڵاتەی پێ بدرێت.

چوارەم: لە ساڵی ٢٠١٠ خەڵاتی فیفا بۆ باشترین یاریزان و تۆپی زێرین فرانس فوتبۆڵ ئاوێتەی یەکتر کرا و بوو به‌ یەک خەڵات و به‌هاوبه‌شی ناوی لێنرا (فیفا بالۆن دۆر)، یەکەم ناسناویش بووە بەشی لیۆنێل مێسی ئەرژەنتینی.

پێنجەم: دیاریکردنی باشترین یاریزان لە جیھان بە رێگەی دەنگدان دەبێت، تیایدا راھێنەر و سەرکردەی ھەڵبژاردەکانی تۆپی پێ لە ٢٠٧ فیدراسیۆن لەسەرتاسەری جیھان بەشداریی دەکەن، ئەمە جگە لە لیستی رۆژنامەنووسە وەرزشییەکان کە ئەندامن لە فیفا و گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ.

شەشەم: خەڵاتی بالۆن دۆر بە کاری دەستی دروستکراوە لەلایەن زێرەنگری بەناووبانگی فرەنسی میلیریۆ و لەوەتەی ساڵی ١٩٥٦ ـەوە شێوەکەی نەگۆراوە، بەرزییەکەی دەگاتە ٢٨ سانتیمەتر و چێوەی بازنەییەکەی ٢٢ سانتیمەترە, کێشەکەشی دەگاتە ١٢ کیلۆگرام.

حەوتەم: لیۆنێل مێسی ئەرژەنتینی زۆرترین ناسناوی وەکو باشترین یاریزانی جیھان بردۆتەوە کە چوار تۆپی زێرینه‌ لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٢.

ھەشتەم: کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە سێ بۆنەدا خەڵاتەکەی پێدراوە، یەکەم جاریش لە ٢٠٠٨ بەدەستیھێنا، سێیەم یاریزانی پۆرتوگالیشە بالۆن دۆر دەباتەوە دوای ھەریەکە لە ئیزیبیۆ و لویس ڤیگۆ.