خواست لەسەر مۆبایلە بەکارهاتووەکانی چین زیادی کردووە
بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی مۆبایلە نوێیەکان لە جیهاندا، بازاڕە گەورەکانی فرۆشتنی مۆبایلە بەکارهاتوو و شکاوەکان لە شاری شینژنی چین بوونەتە سەرچاوەی سەرەکی بۆ بازرگانانی وڵاتانی ئەفریقا و ئاسیا، تا لەوێوە بە نرخێکی هەرزان بیانکڕن و دوای چاککردنەوەیان لە وڵاتەکانی خۆیان بیفرۆشنەوە.
چین وەک گەورەترین بەرهەمهێنەری مۆبایلی زیرەک لە جیهاندا، ساڵانە زیاتر لە 400 ملیۆن مۆبایلی بەکارهاتوو فڕێدەدات و بەشێکی زۆریان دەگەنە بازاڕی ئەلیکترۆنیی (هواچیانگبێی) لە شاری شینژن. ئەختەر محەمەد، بازرگانێکی تەمەن 38 ساڵی پاکستانییە و بە ئاژانسی (فرانس پرێس)ـی راگەیاندووە: "لە هەموو چینەوە مۆبایلە شکاوەکان دێنە ئێرە، ئێمەش دەیانکڕین و لە پاکستان چاکیان دەکەینەوە".
خواست لەسەر مۆبایلی دەستی دوو لە بەرزبوونەوەدایە
بەگوێرەی داتاکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی (کاونتەرپۆینت)، لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2026ـدا بازاڕی جیهانیی مۆبایلە بەکارهاتووەکان بە رێژەی 13% گەشەی کردووە و گەیشتووەتە 150 ملیۆن ئامێر. ئەم خواستە بە تایبەت لە بازاڕە تازەپێگەیشتووەکانی وەک باشووری ئاسیا و ئەفریقا بەهێزە، کە تێیدا هاووڵاتییان توانای کڕینی مۆبایلی نوێیان کەمترە و پەنا دەبەنە بەر چاککردنەوەی مۆبایلەکانیان بۆ ماوەی 4 بۆ 5 ساڵ، بە پێچەوانەی ئەمریکا و ئەوروپا کە هەموو ساڵێک دەیگۆڕن.
سەنتەرە مۆدێرنەکان و ئاسانکاریی ڤیزا
لە پاڵ بازاڕە میللییەکاندا، ناوەندی گەورەی وەک مۆڵی (پایجیتانگ) کراوەتەوە کە تێیدا زیاتر لە 20 هەزار مۆبایلی بەکارهاتوو نمایشکراون و کڕیاران لە رێگەی کۆدی (QR)ـەوە پشکنین و نرخەکانیان دەبینن. بە گوتەی بەڕێوەبەری مۆڵەکە، رۆژانە نزیکەی 1,000 کەس سەردانیان دەکەن کە سێیەکیان بازرگانی بیانین.
عەبدولڕەحیم، دوکاندارێکی تەمەن 20 ساڵی جەزائیرییە و مانگانە تا 3 جار سەردانی چین دەکات، ئاماژە بەوە دەکات کە جیاوازیی نرخ لە نێوان چین و جەزائیر بۆ هەر مۆبایلێک دەگاتە 110 بۆ 132 دۆلار. ئەو دەڵێت: "وەرگرتنی ڤیزای چین بۆ جەزائیرییەکان زۆر ئاسانە و بە 2 بۆ 3 رۆژ دەردەچێت، بە پێچەوانەی ئەوروپا، بۆیە دێینە ئێرە".
ئایفۆن لە پێشەنگی فرۆشدایە
بەپێی ئامارەکانی ناوەندەکانی فرۆشتن، بەرهەمەکانی کۆمپانیای (ئەپڵ) بە رێژەی 70% بۆ 80%ـی کۆی فرۆشی مۆبایلە بەکارهاتووەکان پێکدەهێنن و باقییەکەشی کۆمپانیا چینییەکانی وەک هواوی، شاومی، ئۆپۆ و ڤیڤۆن. مۆدێلە کۆنەکانی وەک ئایفۆن 11 و 12 و 13 ئەگەرچی لە ناوخۆی چین کڕیاریان کەمبووەتەوە، بەڵام لە دەرەوەی وڵات خواستێکی زۆریان لەسەرە و ژیانێکی نوێیان پێدەبەخشرێتەوە.