یەكەی نیشتەجێبوون بەسەر ھاوڵاتیان دابەش دەكرێت
ھەشت ھەزار یەكەی نیشتەجێبوون بەسەر ھاوڵاتیانی شاری ھەولێر دابەش دەكرێت
K24-ھەولێر:
ھەشت ھەزار یەكەی نیشتەجێبوون بەسەر ھاوڵاتیانی شاری ھەولێر دابەش دەكرێت،
وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە قۆناغی داھاتوودا لە شارەكانی دیكەش یەكەی ینشتەجێبوون دروست دەكرێن.لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دەرباز كۆسرەت رەسوول، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "بە پشتبەستن بە وەبەرھێنەرانی خۆماڵیی دەمانەوێ چەند پڕۆژەیەكی گەوەرەی نیشتەجێكردن بۆ شاری ھاوچەرخ دروست بكەین و لە شارە گەورەكان دەستپێدەكەین، رەنگە لە ماوەی دوو ھەفتەی داھاتوو پڕۆژەكە لە شاری ھەولێر تەواو ببێت، كە 8 ھەزار یەكەی نیشتەجێبوونە و بەسەر ھاوڵاتیان دابەش دەكرێن ئەمە دەبێتە یەكەم قۆناغی كارەكە".
وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن گوتیشی: "لە ماوەی داھاتوودا لە شارەكانی سلێمانیی و دھۆكیش پڕۆژەی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێكردن جێبەجێ دەكەین، بەرنامەشمان ھەیە لە قەزا و ناحییەكانیش ھەمان پڕۆژە جێبەجێ بكەین".
دەرباز كۆسرەت رەسوول ئاماژەشی كرد کە: ئەو یەكانە دەدرێن بەو ھاوڵاتیانەی کە تا ئێستا سوودمەند نەبوونە لە زەویی و ئیمتیازاتی حكوومەت و ئەوانەی تازە ژیانی ھاوسەرگیریان پێكھێناوە و بوونەتە فەرمانبەر".
بە جێبەجێکردنی ئەم جۆرە پڕۆژانە لە بواری نیشتەجێكردن، وەک حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەڵێ، مەبەستێتی تا رادەیەك كێشەی نیشتەجێكردن لە هەرێمی کوردستان چارە بكات.