ئامه‌د.. زانايانى ئيسلام دژی شەڕ دێنه‌ ده‌نگ

ژمارەیەك له‌ زانایانی ئيسلام لە شاری ئامه‌دی باكووری كوردستان لە دژی ئۆپەراسیۆن و تاوانە ئاین و كۆمەڵایەتیيەكان خۆپێشاندانیان رێكخست

K24ئامه‌د:

ژمارەیەك له‌ زانایانی ئيسلام لە شاری ئامه‌دی باكووری كوردستان لە دژی ئۆپەراسیۆن و تاوانە ئاین و كۆمەڵایەتیيەكان خۆپێشاندانیان رێكخست، داوایانكرد ئۆپەراسیۆن و قەدەغەكردنی ھاتووچۆ لە شار و شارۆچكەكانی باكووری كوردستان كۆتایی پێ بھێنرێت.

لە خۆپێشاندانەكەدا زانایانی ئاینی ئيسلام لە دروشمەكانیاندا ئاماژەیان بەوە كرد, "رۆژانە بەھۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكان خەڵك گیان لە دەستدەدەن و تەرمەكانیان بە خاك ناسپێردرێن، ئەمەش دژی ئاینى ئيسلام و داب و نه‌ریتی كۆمەڵایەتيیە".

ئه‌و زانایانه‌ی ئاینی ئیسلام، "نارِەزایی خۆیان دژی ئۆپەراسیۆن و قەدەغەكردنی ھاتووچۆش لە شارەكانی باكووری كوردستان ده‌ربڕی".

بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێری (كوردستان24) لە ئامه‌د, "لە ئەنجامی شەڕ وپێكدادانى زياتر له‌ مانگێك لە باكووری كوردستان, تا ئێستا زیاتر لە 160ھاووڵاتی گیانیان لە دەستداوە, زیاتر لە 20تەرمی ئه‌و ھاووڵاتیانه‌ش‌ بە خاك نەسپێردراون".

بەھۆی شەڕ و ئاڵۆزییه‌كان لە نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) و سوپا و ھێزە ئەمنییەكانی توركیا لە باكووری كوردستان، ھاووڵاتیان لە بارودۆخێكی نالەبار ژیان دەگوزەرێنن، رۆژ دوای رۆژیش ژمارەی قوربانیان بەرز دەبێتەوە.