وەزارەتى خوێندنى باڵا داواى روونکردنەوە لە كۆنسوڵگهری میسر دەکات
له زانكۆیهكی میسر، مامۆستایهك داوای لابردنی ئاڵای كوردستانی كردووه له كاتی تاوتوێكردنی ماستهرنامهی قوتابیهكی كورد
K24 – ههولێر:
دواى ئەوەى خوێندکارێکی کورد لە یەکێک لە زانکۆکانى وڵاتى میسر پێش ئەوەى دەست بەگفتوگۆى ماستەرنامەکەى بکات، لەلایەن یەکێک لە مامۆستایانی لێژنهی تاوتوێكردنی ماستهرنامهكهی داوای لێکراوە ئاڵای کوردستان کە لە پشتی هەڵیواسیبوو دایبگرێت، ئەم رووداوە کاردانەوەی ناڕەزایى لێكهوتهوه.
گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان، عەباس ئەکرەم ڕایگەیاند، "بۆ بەدواداچونى ئەم رووداوە، وهزارهتی خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، نامەیەکى رەسمى ئاڕاستەى کۆنسوڵگهری وڵاتى میسر لە شارى هەولێر کرد".
گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا ئاشكرایكرد، "لەو نامەیەدا وەزارەتى خوێندنى باڵا داواى روونکردنەوەى تەواو و پێویستی لە کۆنسوڵگهری میسر لە شارى هەولێر كردووه لەسەر ئەم رووداوه و هەڵسوکەوتى ئەو مامۆستایە بەرامبەر ئاڵاى کوردستان و ئەم خوێندکارە کوردەى زانکۆکە".
عەباس ئەکرەم روونیكردووهتهوه، "ئەگەر دەرکەوت ئەم کارە بە پلان و بەرنامە بۆ داڕێژراو بەرامبەر بهو خوێندکارە و ئاڵاى کوردستان ئەنجامدرا بێت، ئەوا وەزارەتەکەمان پێداچوونەوەى تەواو بە پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەو زانکۆیە دەکات، ڕێوشوێنى پێویستیش بۆ ئەو مەبەستە دەگرێتەبەر".
راگهیاندنی وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی