زەوی بەسەر پێشمەرگە و كەمئەندامانی سەنگەر دابەش دەكرێت
لەبەر چەند ھۆیەك نەتوانراوە لە كاتی خۆیدا سوودمەند بن
K24 - ھەولێر:
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ پارچە زەوی بەسەر ژمارەیەك پێشمەرگەی دێرین و كەمئەندانی سەنگەر دابەش دەكەن.
نەورۆز مەولود، بە نوێنەرایەتی جێگری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە مەراسیمی دابەشكردنی زەوی بەسەر پێشمەرگە و كەمئەندامانی سەرنگەردا وتارێكی خوێندەوە رایگەیاند: "ئەمڕۆ 439 پارچە زەوی بەسەر پێشمەرگە دێرینەكان دابەش دەكرێت كە پێشتر حكوومەت رەزامەندی لەسەردابوو، ھەروەھا پارچە زەوی دەدرێت بە 121 كەمئەندامی سەنگەر".
گوتیشی: "بەشێكی زۆرتان ساڵانیكە فەرمانی پێدانی زەویتان ھەبووە، بەڵام لەبەر چەند ھۆیەك نەتوانراوە لە كاتی خۆیدا سوودمەند بن، بۆیە ئەم ھەنگاوەی حكوومەت چەند رۆڵی ھەیە لە خزمەتكردنی راستەوخۆی ئێوە ئەوەندەش رۆڵی ھەیە لە گێڕانەوەی و متمانەی نێوان خەڵك و حكوومەت، تەنانەت لە نێوان حزبەكانیش".
ھەر لەو وتارەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت كە لە لایەن وەزیری شارەوانی خوێندرایەوە، تیایدا سوپاسگوزاری ھەموو ئەو لایەنە پەیوەندیدارانەی كرد، كە رۆڵیان لە جێبەجێكردنی بڕیارەكە و دابین كردنی زەوی ھەبووە، بۆ پێدانی پارچە زەوی بەسەر پێشمەرگە دێرینەكان و كەمئەندامانی سەنگەر.