قوباد تاڵەبانیی: قەرزەکانی هەرێمی کوردستان شەڕی دژی داعش لە باردەبەن
"هەرێمی کوردستان بەهۆی قەیرانی داراییەوە رووبەڕووی مەترسیی نوقم بوون بووە"
K24
قوباد تاڵەبانیی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند هەرێمی کوردستان رووبەڕووی مەترسیی "نوقم بوون" بووەتەوە بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی دووچاری بووە و قەرزەکانی هەرێمی کوردستان شەڕی دژی داعش لە باردەبەن.
قوباد تاڵەبانیی لە هەڤپەیڤینێکدا لگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز راشیگەیاند: "هەرێمی کوردستان رووبەڕووی مەترسیی نوقم بوون بووەتەوە بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی دووچاری بووە دوای دابەزینی نرخی نەوت لە جیهان و ئەگەر هەیە ئەمە ببێتە هۆی لەباربردنی شەڕی دژی داعش".
قوباد تاڵەبانیی دەشڵێ: "قەیرانی دارایی مەترسیی خستووەتەسەر پێشڕەوی کردن لە شەڕەکاندا و کاریگەریی خراپتریشی هەیە بۆ سەر ورە، ئێمە رووداوی هەڵاتنمان هەیە لە ریزی هێزە چەکدارەکان، خەڵکیی پێگەکان جێدەهێڵن و ئەمەش زیاتر دەبێ".
جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "جیهان سەرنجی داوەتە شەڕی دژی داعش، بەڵام مایەپوچ لەشەڕ سەرناکەوێ.. پێموایە ئەمە پرسێکە دەبێ هاوپەیمانێتی دژی داعش لە هاوسەنگییەکانی خۆی رەچاوی بکات ".
قوباد تاڵەبانیی لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی ئەوەی ئایا بۆ هەرێمی کوردستان باشتر نییە دەست بە هەناردەکردنی نەوت بکات لە ژێر رکێفی بەغدا بەرامبەر وەرگرتنی پشکی خۆی لە بودجەی گشتیی عێراق، گوتی: "ئەمە گۆڕانکارییەکی گەورە بەدی ناهێنێ، پێموانییە ئەمە پرسێکە ئێمە بیری لێبکەینەوە، چونکە هاوکێشەکە بۆ کەس ناگۆڕێ".
قوباد تاڵەبانیی ئەوەشی خستەڕوو کە: "هەرێمی کوردستان هێشتا مایە پوچ نەبووە، بەڵام ئەگەر چاکسازیی لە پەیکەربەندیی و راستەقینە نەکەین ئەوا ئەم دۆخەی ئێستا بەردەوام نابێ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بازاڕی نەوتی بە رووی کۆمپانیا تایبەتەکان کردووەتەوە و لە ئایندە بیر لە فرۆشتنی بەشێک لە کەرتی کارەبا دەکەین".
جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "هەرێمی کورستان لە نێوان 15 بۆ 18 ملیار دۆلار قەرزارە و بیر لە رێگەیەک دەکاتەوە بۆ بەدەستهێنانی پارە لە دەرەوە وەک قەرز وەرگرتن و پلانی فریاکەوتنی دارایی و دابینکردنی پارە بە گەرەنتی نەوت".
قوباد تاڵەبانیی هاوکات رایگەیاند کە: "پێویستە هەوڵی زیاتر بدرێ بۆ دۆزینەوەی رێگە چارەیەکی سیاسیی و هیچ رێگەیەک نابینێ بۆ گەیشتن بە ئاشتەوایی سیاسیی لە عێراق، چونکە پشتگوێخستنی سوننە لە زیادبووندایە و بێمتمانەیی شیعە بە سوننە زیاتر بووە، هەموو ئەمانەش هۆکارن بۆ کەمترکردنی پێشڕەوییەکانمان لە شەڕی لەنابردنی داعش".