پۆلیس: هونەرمەندێک لە هەولێر کوژرا
"لە لایەن ھاوڕێكەیەوە كوژراوە"
K24-ھەولێر:
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ھەولێر رایگەیاند، ھونەرمەندێك لە شاری ھەولێر لە لایەن ھاوڕێكەیەوە كوژراوە.
نەقیب ھۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر بە ماڵپەڕی (كوردستان24)ی راگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ (جێگر عەزیز) كە یەكێك بوو لە ھونەرمەندە لاوەكانی باشووری كوردستان، لە لایەن ھاوڕێیەكی چەقۆی لێدەدرێت و دواتر گەیاندراوەتە نەخۆشخانە و گیانی لە دەستداوە".
گوتیشی: "ئەوان كۆمەڵێك ھاوڕێ و ھاوپیشەبوونە شەو تا بەرەبەیان بە یەكەوە لە ماڵی یەكێك لە ھاوڕێكانیان دانیشتوون، لەوكاتەدا دەبێتە دەمەقاڵە و شەڕیان یەكێكیان چەقۆیەك لە (جێگر) دەدات و دواتر جێگر گیان لە دەستدەدات".
نەقیب ھۆگر عەزیز ئاماژەشی کرد کە: "ئێستا سێ لە ھاوڕێكانی دەستگیر كراون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت، دوای تەواوبوونی لێكۆڵینەوە دادگا بڕیار لە سزادانی بكوژەكە دەدات.
جێگر عەزیز، یەكێك بوو لە ھونەرمەندە لاوەكانی باشووری كوردستان، چەند ساڵێكە لە بواری گۆرانیی و موزیك كار دەكات، یەكێك لەو گۆرانیانەی پێی ناسرابوو گۆرانیی (گوڵەباخ)ە.