ئێران ھەناردەی نەوتی خۆی زیاد دەكات

نرخی نەوت گەیشتە كەمتر لە 25 دۆلار

 

K24 – تاران:

نرخی نەوت لە یەكەم رۆژی دوای جێبەجێكردنی رێككەوتنی ناووكی ئێران و وڵاتانی 5+1، بۆ كەمترین ئاست دابەزی و بەھای بەرمیلێك نەوتی خاو گەیشتە 27 دۆلار و 67 سەنت.

رۆكنەدین جەوادی، بەڕێوبەری كۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێران گوتی: "ئێران بڕیاریداوە، رۆژانە 500 ھەزار بەرمیل نەوتی خۆی زیاد بكات".

جەوادی گوتیشی : "ئەگەر ئێران بەرھەمی نەوتی خۆی زیاد نەكات؛ لەوانەیە وڵاتانی دراوسێ لە ماوەی 6 مانگی داھاتوودا، بەرھەمی نەوتی خۆیان زیاد بكەن و بەشەكەی ئێرانێش دابین بكەن".

لەگەڵ لابردنی گەمارۆ ئابوورییەكانی سەر ئێران بۆ یەكەمین جار لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، نرخی نەوت گەیشتە لە 27 دۆلار.

سەرەڕای دابەزینی نرخی نەوت و زیادبوونی ھەناردەی نەوتی ئێران لە بازارە جیھانییەكاندا، ركابەرەكانی ئێران بۆ نموونە، سعوودیە رایگەیاند، رێژەی بەرھەمھێنان و ھەناردەكردنی نەوتی خۆی كەم ناكاتەوە.

محەممەد بن حەمد ئەلڕەحمان، وەزیری نەوتی میرنشینی عوممان، گوتی: "سەبارەت بە زیادبوونی ھەناردەی نەوتی ئێران نیگەران نییە، چونكە بازاڕەكان ئێستاش پڕن لە نەوت، جیھان گیرۆدەی تسۆنامی بووە، بۆیە من لە ھاتنی ئێران بۆ بازاری نەوتی جیھانی نیگەران نییم".