ئيسرائيل داواى پشتيوانيى له‌ سه‌ربه‌خۆيى كوردستان ده‌كات

وەزیری دادی ئیسرائیل داوا دەکات پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان بکرێت .

K24 – ته‌لئه‌بيب:

وەزیری دادی ئیسرائیل داوا دەکات پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان بکرێت و دووپاتیشی دەکاتەوە پێویستە ھەماھەنگی زیاتر لەنێوان ئیسرائیل و ھەرێمی کوردستان دا ھەبێت.

ئایلێت شاکید، لە میانەی گوتارێکیدا لە کۆنفرانسی پەیمانگای توێژینەوەی نیشتيمانی ئیسرائیلی، رایگەیاند کوردستان ھەرێمێکی دیموکراتە لە ناوچەکە و خەڵکەکەشی ئاشتیخوازە و ھەرگیز ھێرشیان نەکردووەتە سەر ھیچ گەل و نەتەوەیەکی دیکە.

رایگه‌یاند، پێویستە بە راشکاويی داوای سەربەخۆیی کوردستان بکەین و ئێستا کاتی ئەوەیە کە ھاوکارییان بکەین.

شاکید دەڵێ: پێویستە ئیسرائیل بە ئاشکرا داوای دەوڵەتێکی سەربەخۆیی کوردی بکات لە ناوچەکە کە ئێران و تورکیا لێک جیا بکاتەوە و دەوڵەتێکیش دەبێت له‌ ھاوپەیمانی ئیسرائیل.

دواتر ئەو وەزیرە ئیسرائیلييە باسی لەوە کرد، کورد ھاوبەشێکی گرنگی ئیسرائیلن و ئاماژەیدا، کە له‌ ناوبردنی داعش لە بەرژەوەندی ئیسرائیل و کوردستانە.

ئەمە یەکەم جار نییە بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ کورد رادەگەیەنێت و لەساڵی ٢٠١٤شدا، بەنیامین نەتانیاھۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی پشتگیریی خۆی بۆ سەربەخۆبوونی کورد راگەیاند.