حكومەتی ھەرێم وەڵامی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەداتەوە
تایبەتە بە پێشمەرگە
K24 – ههولێر:
لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ماڵپەڕی كوردستان24 دیندار زێباری، سەرۆكی لێژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان رایگەیاند: "وەك لیژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە سەرۆكایەتی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، لە راپۆرتێكدا بە چەندین خاڵ و بە بەڵگەوە وەڵامی ئەو راپۆرتەی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەدەینەوە".
گوتیشی: "ئێمە سەرجەم ئەو تۆمەتانە رەتدەكەینەوە پێشمەرگە ھێزێكی فەرمی عێراقە و چەندین ناوچەی لە ژێر دەستی داعش رزگار كردووە و ھاوكاری خەڵكی كردووە بە بێ جیاوازی نەتەوە و ئاینی، بەشێك لەو خەڵكەی كە نەگەڕاونەتەوە سەرماڵ و حاڵیان ناوچەكانیان كەوتووەتە نزیك سەنگەرەكان، بەردەوام لە لایەن فڕۆكەكانی ھاوپەیمانان بۆردوومان دەكرێن، چەندینجار ھێزە ھاوپەیمانەكان داوایان كردووە ئەو ناوچانە خەڵكی لێ نەبێت بۆ ئەوەی زیانیان پێ نەگات".
ئەوەش دەخاتەڕوو: "خاڵێكی دیكەی نەگەڕانەوەی ئاوارە عەرەبەكان لە بەشێكی ئەو ناوچانە ئەوەییە كە بە ھۆی شەڕەوە ھیچ خزمەتگوزارییەك لە شارۆچەكە و گوندەكانیان نەماوە، بۆ نموونە دوای ئەو ماوە زۆرە شنگال رزگار كراوە تا ئێستا بەھۆی تێكچوونی خانووەكانیان و نەبوونی خزمەتگوزارییەوە بەشێكی زۆریان نەگەڕاونەتەوە".
زێباری ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ئەگەر وەك كورد باوەڕمان بە پێكەوە ژیان نەبێت ئەو ژمارە زۆرەی عەرەب لە ژێر دەستەڵاتی داعش و ناوچە سوننەكان خۆیان رادەستی پێشمەرگە ناكەن و نایەن لە ژێر دەستەڵاتی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بژین".
زێباری گوتی: "ئەمانە و دەیان بەڵگەی دیكە ھەن ئەو تۆمەتانە رەتدەكەنەوە كە لەو راپۆرتەدا خراونەتە پاڵ ھێزی پێشمەرگە، بۆ رەتكردنەوەشیان خەریكی نووسینی راپۆرتین و بە بەڵگەوە وەڵامی راپۆرتەكە دەدەینەوە".
رێكخراوى لێبوردنى نێودهوڵهتى (ئهمينيستى ئينتهرناشناڵ)، له راپۆرتێكدا رهخنهى له هێزى پێشمهرگه گرتووه و ئهو هێزهى به ئهنجامدانى پێشێلكارى مافهكانى مرۆڤ تۆمهتبار كردووه.