ئۆلاند: ههڕهشهى داعش نامانترسێنێت
فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی فەرەنسا، جارێکی دیکە رایدەگەیەنێت ھەڕەشەکانی رێکخراوی داعش، بەھیچ شێوەیەک نایانترسێنێت
K24 – پاريس:
فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی فەرەنسا، جارێکی دیکە رایدەگەیەنێت ھەڕەشەکانی رێکخراوی داعش، بەھیچ شێوەیەک نایانترسێنێت و ھەموو ھەوڵێکیش دەدەن لەپێناو لەناوبردنی ئەو رێکخراوە لە عێراق و سووریا.
ئۆلاند کە ئێستا لە ھیندستانە، ئاشکرای کرد مەترسی تیرۆر، بووەتە مەترسییەکی نێودەوڵەتی و ھەموو وڵاتێک بووەتە ئامانجی ئەو گروپە توندڕەوە.
ئەم قسانەی ئۆلاند، لەدوای بڵاوکردنەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی داعش دێت، کە داڕشتنی پيلانی ئەو رێکخراوە پیشان دەدات بۆ زنجیرە ھێرشەکانی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووی شاری پاریس کە بووە ھۆی کوشتنی ١٣٠ کەس.
ھەر لەو ڤیدیۆ ١٧ خوولەکییەدا، رێکخراوی داعش ھەڕەشەی دووبارەبوونەوەی ئەو ھێرشانە دەکات، بەڵام ئەمجارەیان لە بەریتانیا.