شاندێکی باکووری کوردستان بەشداری کۆبوونەوەکانی یەکێتی ئەوروپا دەکات

پەرلەمانتاری کورد، لەیلا زانا، کە بەشداری کۆبوونەوەکان بووە، رایگەیاند: "شەر چارەنوسێکی رەشە کە دەبێتە ھۆی پەیدا بوونی برسیبون و کۆچبەری و ونبوونی ماف و ئازادیيەکان".

K24 - برۆکسل:

شاندێکی باکوری کوردستان بەشداری لە کوبونەوەکانی بروکسل ١٢ی یەکێتی ئەوروپا دەکات.

ھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان، سەلاحەدین دەمیرتاش،  پەرلەمانتاری کورد، لەیلا زانا،  نووسەری تورک، جەنگیر چاندار، لە پایتەختی بەلژیکا بەشداری کۆبوونەوەکانی برۆکسل ١٢ی یەکێتی ئەوروپا دەکەن.

دەمیرتاش گوتارێکی پێشکه‌ش کرد و لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بە دۆخی سیاسی ئێستای تورکیا کرد و بە" کارەسات" ناوی برد.

دەمیرتاش گووتی: "لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھاوسەنگيیەکان سەراوبن بوونە و سنوورە دەستکردەکانی رێکكەوتنی سایکس- بیکۆ لە ناو چوونە، بەڵام تورکیا خۆی بۆ ئەم گۆڕانانه‌ ئامادە نەکردووە، بۆيه‌، لە ناو قەیران دایە".

ھەروەھا ھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان ئەوەی راگەیاند: "ھەڵوێستى تورکیا بەرامبەر بە کورد لە باکووری کوردستان ھەرگیز ناگۆڕێت و ھیچ کات داخوازیيەکانی کورد بە دی ناھێنن و ئێمەش بەردەوام دەبین لەسەر داواکاريیەکانمان و بە دەستھێنانی تەواوی مافەکانمان".

بە لای خۆیەوە پەرلەمانتاری کورد، لەیلا زانا، کە بەشداری کۆبوونەوەکان بووە، رایگەیاند: "شەر چارەنوسێکی رەشە کە دەبێتە ھۆی پەیدا بوونی برسیبون و کۆچبەری و ونبوونی ماف و ئازادیيەکان".