نه‌وت له‌ماوه‌ی 10 رۆژدا 15%ی نرخه‌كه‌ی به‌رزبووه‌ته‌وه‌

واده‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ئۆپێك دیارینه‌كراوه‌

K24 - هه‌ولێر:

له‌ماوه‌ی 10 رۆژدا نەوت زیاتر له‌ سه‌دا 15 نرخه‌كه‌ی به‌رز بووه‌وه‌ و نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت گەیشتە نزیكەی 35 دۆلار.

نرخی نه‌وت له‌ بازاره‌كانی جیهاندا هه‌ڵبه‌زو دابه‌زێكی زۆری به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌و له‌ ئێستادا به‌های هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی برێنت به 34 دۆلارو 80 سه‌نته‌ هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی خاوی ئه‌مه‌ریكیش به 33 دۆلارو 82 سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ ده‌كرێت.

نرخی نه‌وت له‌بازاره‌كاندا له‌ماوه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا زۆرترین هه‌ڵبه‌زو دابه‌زی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌و وڵاتانی ئه‌ندامی ئۆپیك و وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م رێكخراوه‌ش به‌ووردی ده‌رواننه‌ بازاره‌كانی نه‌وت هۆكاره‌كانی به‌رزبوونه‌وه‌و نزمبوونه‌وه‌ی , چونكه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ ئاستی گه‌شه‌ی ئابووریان به‌نده‌ به‌ نرخی نه‌وت له‌ بازاره‌كاندا.