دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت هاووڵاتییان و گەشتیاران ئاگادار دەکاتەوە

دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت رایدەگەیەنێت، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی پشکنینی کوالێتی لە لایەنی تورکیاوە، بنکەیەکی تایبەت بە پشکنین و کۆنترۆڵی کوالێتیی کەلوپەل و کاڵا هاوردەکراوەکان لە دەروازەکە دەستی بە کارکردن کردووە و داوا لە هاووڵاتیان و گەشتیاران دەکات پابەندی رێنماییەکان بن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت لە ئاگادارییەکدا بۆ هاووڵاتیان و گەشتیاران رایگەیاند، "بنکەی کۆمپانیای (New Standard)، تایبەت بە پشکنین و کۆنترۆڵی کوالێتیی کەلوپەل و کاڵا هاوردەکراوەکان، لە دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت لە رێکەوتی 9ـی تشرینی دووەمی 2026ـەوە بە فەرمی دەستی بە کارکردن کردووە."

لە ئاگادارییەکەدا هۆکاری کردنەوەی بنکەکە روونکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، "لەبەر نەبوونی خزمەتگوزاریی پشکنین و کۆنترۆڵی کوالێتی بۆ هاووڵاتیان و گەشتیاران لە لایەنی تورکیاوە، ئەم بنکەیە لە دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت دامەزراوە، بۆ ئەوەی ئەم خزمەتگوزارییە بە شێوەیەکی فەرمی و رێکخراو پێشکەش بە هاووڵاتیان و گەشتیاران بکرێت."

دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت داواشی لە سەرجەم هاووڵاتیان و گەشتیاران کردووە، پابەندی رێنمایی و رێکارەکانی پشکنین و کۆنترۆڵی کوالێتی بن و لە کاتی هاوردەکردنی کەلوپەل و کاڵاکانیاندا هاوکاری لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن.

لەبارەی ئامانجی سەرەکی لە دامەزراندنی بنکەکە، راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەکە ئاماژەی بەوە داوە، هەنگاوەکە بە مەبەستی رێگریکردنە لە هاوردەکردنی کاڵا و کەلوپەلی بێ کوالێتی، دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی پێوەرەکانی کوالێتی و ئاسایشی خۆراک، هەروەها پاراستنی سەلامەتی و تەندروستیی هاووڵاتیان.