خالید شوانی: سه‌رۆكایه‌تيی كۆمار پشتیوانی هه‌وڵه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ده‌كات
"باس له رزگاركردنه‌وه‌ی مووسڵ و دابینكردنی بودجه بۆ پێشمه‌رگه كراوه"
K24 – به‌غدا:
خالید شوانی گوته‌بێژی فه‌رمی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق رایگه‌یاند له كۆبوونه‌وه‌ی شاندی باڵای هه‌رێم و سه‌رۆككۆمار دووپات له‌سه‌ر گرینگی به‌رده‌وامی ئه‌و سه‌ردانانه‌ی هه‌رێم بۆ به‌غدا كرایه‌وه، سه‌رۆكایه‌تی كۆماریش پشتگیری هه‌وڵه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ده‌كات.
له چوارچێوه‌ی سه‌ردانی شاندی باڵای حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ به‌غدا، شانده‌كه له‌گه‌ڵ سه‌رۆككۆماری عێراق كۆبوویه‌وه، له باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه، خالید شوانی گوته‌بێژی فه‌رمی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا گوتی: "له كۆبوونه‌وه‌ی نێوان شاندی باڵای حكوومه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆككۆماری عێراق، باس له ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێم و سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كرا".
خالید شوانی گوتیشی: "له كۆبوونه‌وه‌ی نێوان شاندی حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی به‌غدا باس له گرنگی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و رزگاركردنه‌وه‌ی مووسڵ و دابینكردنی بودجه بۆ پێشمه‌رگه و یارمه‌تیدانی په‌نابه‌رانی عێراقی له هه‌رێم كراوه".