پارێزگارانی ئێران: رەفسەنجانیی لە ترسی رەتكردنەوەی ھەناسەی سوار بوو

"95%ی ھاووڵاتیان بە كڕینی فڕۆكەی ئێیرباس دڵخۆش نین، خەڵك لە بڕی ئێیرباس، پێداویستی نەخۆشخانە و باشتركردنی گوزەرانیان دەوێت".

K24- هەولێر

ھێرش و رەخنەی توندی ھاشمی رەفسەنجانیی، سەرۆكی ئەنجوومەنی بەرژەوەندییە باڵاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئەنجوومەنی شورای نیگەھبان بەھۆی رەتكردنەوەی حەسەن خومەینیی، نەوەی دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامیی ئێران بابەتی جێی بایەخی رۆژنامەكانی ئەمرۆی ئێرانە، ئەوەش سەرەڕای بەردەوامبوونی ھەر دوو باڵی پارێزگاران و ریفۆرمخوازان لەسەر مشتومڕ و ململانێکانیان سەبارەت بە ھەڵبژاردن و پرسە سیاسییەكانی ئێران.

رەخنەی ھاشمی رەفسەنجانیی لە شورای نیگەھبان بەھۆی رەتكردنەوەی حەسەن خومەینیی دژ كردەوەی توندی باڵی پارێزگارانی ئێرانی لێكەوتووەتەوە.

لە راپۆرتی سەرەكیی ئەمڕۆی رۆژنامەی جەواندا كە سەر بە سوپای پاسدارانە نووسراوە: "ھاشمیی بۆیە ھێرشەكانی لە دوێنێوە بۆ سەر ئێمەی بە بروای خۆی قەرزدارانی ئیمام خۆمەینیی زیاتر كردووە، چۆنكە دەزانێت جگە لە ئەمڕۆ و لەو كاتەدا كە یادی گەڕانەوەی دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامیی ئێرانە بۆ ناوخۆی وڵات، ھەرگیز ناتوانێ باسی لێوە بكات. ھاشمیی بە بیانووی قەرزداربوون بە خومەینیی، لە راستیدا پەردەی لەسەر قەرزداریی خۆی لادا".

نووسەری ئەو راپۆرتە وێڕای دەربڕینی نارەزایەتیی لە دەرچوونی رەفسەنجانیی بۆ ھەڵبژاردن لە ئەنجوومەنی شارەزایان نووسیویەتی: "ئەگەری ئەوە ھەبوو شورای نیگەھبان بە زۆرینەی دەنگ رەفسەنجانیش رەتكاتەوە، بێگۆمان رەفسەنجانیی خۆشی ترسی لە رەتكردنەوەی ھەبوو ھەر بۆیە تا دوا چركە ھەناسە سوار بوو".

"خەڵك لە بڕی فڕۆكە، خۆشگوزورانیی دەوێت"

رۆژنامەی كەیھانی سەر بە پارێزگاران لەسەر زاری مامۆستایەكی زانكۆ ھەڵبەت بەبێ ئاشكراكردنی ناو یان شێوازی لێكۆڵینەوەكەی نووسیویەتی: "95%ی ھاووڵاتیان بە كڕینی فڕۆكەی ئێیرباس دڵخۆش نین، خەڵك لە بڕی ئێیرباس، پێداویستیی نەخۆشخانە و باشتركردنی گوزەرانیان دەوێت".

ھاوكات رۆژنامەی ئێران، سەر بە ریفۆرمخوازان نووسیویەتی: "دامەزراوی دیپلۆماتیكی وڵات لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، بەوپەڕی تواناوە توانی گوتاری دیپلۆماتیك بەسەر ھەموو شتێكدا زاڵ بكات و بە دەربازبوون لە ھەوراز و نشێوی پرسی ناووكی روو سوور و سەربڵند ھاتەدەر".

راپۆرتی سەرەكیی رۆژنامەی شەرق سەر بە ریفۆرمخوازان تایبەتە بە قەیرانی ئابووریی لە ئێران و كاریگەریی ھەڵبژاردن لەسەر قووڵبوونەوەی ئەو قەیرانە، و لەسەر زاری ئابوورییناسێك، نووسیویەتی: "ئەگەر لایەنەكان بە ھەستیارییەوە مامەڵە نەكەن، ھەڵبژاردن قەیرانی ئابووریی ئێران قووڵتر دەكات، رێژەی بێكاریی 8 ھەزار كەسە، پێموابوو لایەنەكان ھەوڵدەدەن لە گفتوگۆكانی تایبەت بە ھەڵبژاردندا، خۆیان لە لایەنگریی بپارێزن و زیاتر جەخت لەسەر كێشە سەرەكییەكانیان بكەنەوە، بەڵام بەداخەوە ھەر دوو لایەنی ریفۆرمخواز و پارێزگاران زۆر لەوە سادەتر بیردەكەنەوە و رێگە نادەن شارەزایانی سیاسەت سەبارەت بە بارودۆخی نالەبار و مەترسیداری ئابووریی وڵات پێكەوە بدوێن".

رۆژنامەی شەرق ھەر لەسەر زاری ئەو ئابوورییناسە نووسیویەتی: "كاتێك ئەنجوومەنی چاودێریی بەسەر ھەڵبژاردندا 60%ی كاندیدەكانی رەتكردەوە، بۆم دەركەوت ئەگەر بڕیار بێت ھەڵبژاردن ببێتە ھۆی سڕینەوەی زۆرینەی كۆمەڵگە، بێگۆمان سەرەتایەكیش دەبێت بۆ سەرھەڵدانی كێشەی زیاتری ئابووریی و قووڵتربوونەوەی قەیرانەكان".

Fly Erbil Advertisment