"رەفسەنجانی بەرژەوەندخوازانە ھەڵسووكەوت دەكات"
دەسەڵاتدارانی بریتانیا دوای ساڵانێك ململانێی سیاسی لەگەل ئێران، بڕیاریدا رێگەی دۆستایەتی لەگەڵ ئێران خۆش بكەن.

K24 – تاران:
تاوتوێكردنى گەشتەكەی سەرۆك كۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ ئەوروپا، ھێرشی پارێزگاران بۆ سەر ھاشمی رەفسەنجانی و ئەگەری قبووڵكرانی بەشێك لەو كاندیدانەی سكاڵایان لەسەر رەتكردنەوەیان بۆ ھەڵبژاردن تۆمار كردووە، لە مژارە گرنگەكانی رۆژنامەكانی ئەمڕۆی ئێرانن.
رۆژنامەی قانوون سەبارەت بە سەردانكردنی وەزیری دەرەوەی ئێران، محەممەد جەواد زەریف، بۆ بریتانیا نووسیویەتی: "وتاری وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەرلەمانی بریتانیا، ئاماژەیە بۆ رێز و حوورمەتی پەیوەندی دیپلۆماتیكی دوولایەنە. دەسەڵاتدارانی بریتانیا دوای ساڵانێك ململانێی سیاسی لەگەل ئێران، بڕیاریدا رێگەی دۆستایەتی لەگەڵ ئێران خۆش بكەن، ھاوكات بریتانیا خوازیارە ھێرشكردنە سەر باڵوێزخانەكان و لە ئێران رابگیرێت و ئەو دوو وڵاتە بتوانن لە بواری ئابووری و پێشەسازیدا ھاوكاربن".
ئێران سەرچاوەی وزە بۆ ئەوروپا
وتارێكی رۆژنامەی فەرھیختێگان تیشكی خستووەتە سەر گەشتەكەی سەرۆك كۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ ئەوروپا و نووسیویەتی: "دوای رێككەوتنی ناووكی ئێران و وڵاتانی 5+1 پەیوەندی ئێران لەگەڵ جیھان و بەتایبەت ئەوروپا گۆڕانی بەسەردا ھات. ئێران وەكوو وڵاتێك لە ریزی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمدا، دەتوانێت ببێتە ھۆی لاوازبوونی تیرۆریزم و لە لایەكی دیكەشەوە دەتوانێت بۆ داھاتوو ببێتە سەرچاوەی وزە بۆ ئەوروپا".
نووسەری ئەو وتارە بەو شێوەیە درێژە بە گوتەكانی دەدات: "پێدەچێت لەو كۆبوونەوە بەرفراوانانەی ناوەندە ئەوروپاییەكان رێكیدەخەن، ھەستیان بەو راستیە كردبێت، پێویستە گۆرانكاری ستراتێژی لەسیاسەتەكانیان سەبارەت بە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست پێكبێنن، ھەر بۆیە تەنانەت تووندڕەوترین وڵاتەكانیش ھەوڵ دەدەن ھاوكارییە سیاسیی و ئابوورییەكانییان لەگەڵ ئێران پەرە پێبدەن".
"رەفسەنجانيی دەتوانێت چی بڵێت"
رۆژنامەكانی ئێران ھەر لە سەرەتای ھەفتەوە خۆیان سەرقاڵی باسوخواسی ھێرشی تووندی باڵی پارێزگاران بۆ سەر ھاشمی رەفسەنجانی كردووە،
سەرنووسەری رۆژنامەی شەرق نووسیویەتی: "رەفسەنجانی چی دەڵێت یان دەتوانێت چی بڵێت؟ ئەو دوو پرسیارە دوو شێوازی وەڵام ھەڵدەگرێت، ئەو پرسیارانە لە نێو سیاسیەكانی پارێزگاران و ریفۆرمخوازان لێكدانەوەی جیاوازیان بۆ دەكرێت. ھەندێك لە پارێزگار و ریفۆرمخوازەكانیش بەردەوام دەكەونە ئەو بارودۆخەی، پێویستە چی بگوترێت یان پێویستە چی ئەنجام بدرێت و ھەندێكیش بەردەوام لە بارودۆخی دەتوانین چی بكەینن دان(مەبەستی نووسەر چۆنێتی بیر كردنەوەی ئەو كەسانەیە و ھەڵسانگاندن بۆ بیرە جیاوازەكانیان دەكات)".
رەفسەنجانی زۆرجار لە بارودۆخی دووەم دایە واتا چی دەتوانێت ئەنجام بدات، بۆیە لە جیاتی ئەركە سیاسیەكانی راپەڕێنێت، پابەندەی كردەوە سیاسیەكانیەتی، ئەو پابەند بوونەش لایەنی جیاوازی ھەیە و جاروبار بەرژەوەندخوازانە دەێنەبەرچاو، كات لە سیاسەتی رەفسەنجانیدا مانایەكی دیكەی ھەیە و لەھەر بارودۆخێكدا بە شێوازی جیاواز ھەڵسووكەوت دەكات".
سەبارەت بە وەڵامی تانەی 6ھەزار كاندید لە رەتكردنەوەیان لەلایەن ئەنجوومەنی شورای نیگەھبانەوە رۆژنامەی شەھروەند نووسیویەتی: "ئەندامی شورای نیگەھبان، نجاتوڵڵا ئیبراھیمیان گوتوویەتی، تا ئێستا ئەنجامی پێداچوونەوەكان بە سكاڵای كاندیدە رەتكراوەكان رانەگەیەنراوە، بەڵام چاوەروان دەكەم 20 بۆ 25%یان قبووڵ بكرێن".