دواى وازهێنانى له گۆڕان محەممەد حاجی پشتیوانی بۆ پڕۆژەی بارزانی دەربڕی
سەردانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستانی كردووە
K24 - ھەولێر:
محەممەد حاجی، كەسایەتی سیاسی ھەرێمی كوردستان پشتیوانی لە پڕۆژەی نیشتیمانی و نەتەوەیی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دەكات.
بە گوێرەی ھەواڵێكی ماڵپەڕی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان"ئەمڕۆ مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە سەلاحەدین پێشوازی لە محەممەد حاجی، كەسایەتی سیاسی ھەرێمی كوردستان كرد، لە دیدارێكدا بارودۆخی سیاسیی هەرێم و تەحەدیات و هەڕەشەكان و هەروەها دوا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكە تاوتوێكراون.
ھەر لەو دیدارەدا بیروڕا سەبارەت بەو دەرفەتانە ئاڵوگۆڕ كرا كە پەیوەستن بە ئاییندەی كوردستان و ریفراندۆم و مافی دیاركردنی چارەنووسی گەلی كوردستان.
لە بەشێكی ئەو دیدارەدا محەمەد حاجی پشتیوانی خۆی بۆ پڕۆژەی نیشتیمانی و نەتەوەیی مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دەربڕیووە، لە بارەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی گەلی كوردستان راگەیاندووە، ھەروەھا ئامادەیی خۆییشی نیشاندا كە بە پێی تواناكانی یارمەتیی سەرخستنی ئەو پڕۆژە نیشتیمانییە بكات.
محەممەد حاجى، وەك سیاسییەكی كورد لە باشووری كوردستان، لە سەرەتایی دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان وەك ھەڵسوڕاوێكی باڵا كاری لە ریزەكانی ئەو بزوتنەوەیە كردووە، دوا پۆستی لە ناو بزوتنەوەی گۆڕان بهرپرسی ژووری پهیوهندییه سیاسییهكان بوو، لە سەرەتایی ئەمساڵەوە دەست لە كاركێشانەوەی لە گۆڕان راگەیاند و لە ئێستا پشتیوانی بۆ پڕۆژەكەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دەربڕیووە.