هه‌ولێر ده‌ستبه‌رداری یه‌كێك له یاریزانه پیشه‌گه‌ره‌كانی بوو
گرێبه‌سته‌كه بهڕێككهوتنى هه‌ردوولا هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه
K24 ـ هه‌ولێر
یانه‌ی هه‌ولێر ئه‌مڕۆ به فه‌رمی ده‌ستبه‌رداربوونی خۆی له یاریزانه پیشه‌گه‌ره‌كه‌ی بڵاو كرده‌وه و به‌رپرسی راگه‌یاندنی یانه‌ی هه‌ولێریش ئه‌م هه‌واڵه‌ی پشت راست كرده‌وه.
میلادزهینیپور یاریزانێكی پیشگه‌ری ئێرانی ته‌مه‌ن 29 ساڵه، كه له هێڵی ناوه‌ند یاریی ده‌كات، هاوینی ڕابردوو په‌یوه‌ندی به یانه‌ی هه‌ولێر كرد، ئه‌م وه‌رزه به‌شداریی 13 یاری له خولی عێراق كردووه و 2 گۆڵیشی تۆمار كردووه، له خولی نایابی تۆپی پێی كوردستانیش 3 یاریی بۆ یانه‌ی هه‌ولێر ئه‌نجامداوه.
رێبين ره‌مزی به‌رپرسی راگه‌یاندنی یانه‌ی هه‌ولێر تایبه‌ت به كوردستان 24ـی راگه‌یاند كه هۆكاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی ئه‌و یاریزانه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه میلادزهینیپور له وڵاتی توركیا نه‌شته‌رگه‌ری بۆ قاچی ده‌كات، ئه‌مه‌یش تا باری ته‌ندروستی جێگیر ده‌بێته‌وه خولی عێراق كۆتایی دێت، بۆیه به‌ڕێككه‌وتن له نێوان هه‌ردوولا گرێبه‌سته‌كه هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه.
میلاد پێشتر له 2004 تا 2007 یاری بۆ هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی ئێران كردووه، دواتر بانگهێشتی تیپی یه‌كه‌می هه‌ڵبژارده‌ی ئێران كراوه و به‌شداریی 15 یاریشی كردووه، له دوای ساڵی 2012 به‌هۆی پێكانه‌وه له هه‌ڵبژارده‌ی وڵاته‌كه‌ی دابڕا. پێشتریش یاریی بۆ هه‌ریه‌ك له یانه‌كانی (فولاد، سایپا، راهئاهان، پێیكان، مهلاڤان، زوب ئاهان) كردووه.