رێگای حاجی ئۆمەران داخرا
رێژەیەكی زۆر بەفر باریوە
K24 - چۆمان:
بەھۆی بەفربارینی زۆر لە ناوچەكە، رێگای دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران داخرا.
پەیامنێری (كوردستان24) لە دەڤەری سۆران رایگەیاند: "بەھۆی رێژەی زۆری بەفربارین لە ناوچەكەدا، رێگای حاجی ئۆمەران- چۆمان داخرا".
گوتیشی: "ئەو رێگایە كە زیاتر ھاتووچۆی بازرگانی نێوان ھەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێرانی پێدا دەكرێت، لە ئێستادا ھیچ ئۆتۆمێلێك ناتوانێت بە رێگاكەدا بڕوات و رێگاكە بە تەواوی داخرا."
لە دوێنێوە شەپۆلێكی بەفر و بارانبارین ناوچەكانی ھەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە، لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەكان بەفر بە رێژەیەكی زۆر باریوە بەوھۆیەشەوە رێگای سەرەكی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران داخرا.
دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران یەكێكە لەو دەروازە گرنگانەی كە بەشێكی زۆری بازرگانی نێوان ھەرێمی كوردستان و ئێران لە رێگەی ئەو دەروازەوە دەكرێت، بەوپێیەی ناوچەیەكی كوێستانی و سەختە ساڵانە رێژەیەكی زۆر بەفر لەو ناوچەیە دەبارێت، لە وەرزی زستانی ئەمساڵدا بەھۆی بەفربارینەوە چەند جارێك ئەو رێگایە داخراوە و ھەناردە و ھاوردەی بازرگانی و ھاتووچۆی گەشتیارانی پەكخراوە.