به ڤیدیۆ.. مۆدریچ به مووشه‌كێك فریای ریال مه‌درید كه‌وت
یانه‌ی ریال مه‌درید به زه‌حمه‌ت له یانه‌ی گرانادای برده‌وه

K24 ـ هه‌ولێر
له گه‌ڕی 23ـه‌مینی لالیگای ئیسپانیا یانه‌ی ریال مه‌درید له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی بووه میوانی یانه‌ی گرانادا، یارییه‌كه‌یش به 2 گۆڵ به‌رانبه‌ر تاكه گۆڵێك به سوودی یانه‌ی شاهانه كۆتایی هات، ئه‌گه‌ر له خوله‌كانی كۆتایی یارییه‌كه مووشه‌كه‌كه‌ی لوكا مودریچ فریای ریال مه‌درید نه‌كه‌وتبا، ده‌بوو تیپه‌كه‌ی زیدان به ته‌نیا خاڵێك بۆ مه‌درید گه‌ڕابانه‌وه.
له خوله‌كی 30ـی گێمی یه‌كه‌می یارییه‌كه، كه‌ریم بنزیما تۆپێكی له كارڤاخاڵی هاوڕێی وه‌رگرت و یانه‌كه‌ی به گۆڵێك پێشخست و كۆی گۆڵه‌كانیشی له لالیگا له‌گه‌ڵ كریستیانۆ به 19 گۆڵ هاوتا كرده‌وه.
له خوله‌كی 56ـی گێمی دووه‌میش لوكا مودریچ تۆپێكی له نێوان دوو به‌رگریكاری تیپی به‌رانبه‌ر به ئاراسته‌ی كه‌ریم بنزیما نارد، به‌ڵام گۆڵپارێزی گرانادا رێگری له هێرشبه‌ره فه‌ره‌نسییه‌كه كرد و تۆپه‌كه‌ی دوور خسته‌وه.
سێ خوله‌ك دوای له‌ده‌ستدانی ئه‌و ده‌رفه‌ته، یانه‌ی گرانادا له ناوه‌ڕاستی یاریگه تۆپێكیان پچڕاند و به ئاراسته‌ی گۆڵی ریال مه‌درید پێشڕه‌وییان كرد، هێرشبه‌ری مه‌غریبی یانه‌ی گرانادا (یووسف عه‌ره‌بی) سه‌ركردایه‌تی ئه‌و هێرشه‌ی كرد و له باڵی راسته‌وه خۆی بۆ نێو ناوچه‌ی سزای ریال مه‌درید خزاند و تۆپێكی له تۆڕێ گۆڵی ریال مه‌درید گیر كرد و ئه‌نجامه‌كه‌ی یه‌كسان كرده‌وه.
ئه‌م گۆڵه‌ی یانه‌ی گرانادا هێز و وزه‌یه‌كی زۆری به یاریزانه‌كان به‌خشی و چه‌ندان مه‌ترسی تریان له‌سه‌ر گۆڵی یانه‌ی شاهانه دروست كرد، به‌ڵام سه‌رجه‌م هه‌وڵه‌كانیان بێسوود بوون و گۆڵێكیشیان به‌هۆی ئۆفسایده‌وه لێ ڕه‌ت كرایه‌وه.
له خوله‌كی 84 هێرشبه‌ری كرواتی لوكا مودریچ فریای یانه‌كه‌ی كه‌وت و به لێدانێكی مووشه‌ك ئاسا یانه‌ی ریال مه‌دریدی پێشخسته‌وه و گۆڵی دووه‌می بۆ یانه‌كه‌ی تۆمار كرد.
یانه‌ی ریال مه‌درید به 50 خاڵ له خانه‌ی سێیه‌م دێت و به جیاوازی 4 خاڵیش له دووری بارسێلۆنای ركابه‌ر و پێشه‌نگی لالیگا مایه‌وه. یانه‌ی گراناداش به 20 خاڵ له خانه‌ی پێشكۆتایی خوله‌كه دێت و له لێواری دابه‌زیندایه بۆ خولی پله‌یه‌ك.