باڵوێزی سعودیە: هەرێمی كوردستان پێگەیەكی گرنگی لەلای سعودیە ھەیە

سعودیە كونسوڵگەری خۆی لە هەولێر دەکاتەوە

K24 - ھەولێر:

باڵوێزی سعوودیە لە بەغدا رایگەیاند، لەم چەند رۆژەی داھاتوودا كونسوڵگەری لە ھەولێر دەكەنەوە.

سامر ئەلسەبهان، باڵویزی سعوودیە لە بەغدا رایگەیاند: "لەم رۆژەی داھاتوودا بەشێوەیەكی فەرمی لە مەراسیمێكدا كونسوڵگەری لە هەولێر دەكەینەوە".

باڵوێزی سعوودیە لە بەغدا ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: "هەرێمی كوردستان پێگەیەكی گرنگی لەلای سعودیە هەیە، ئەو پێشوازییە گەرمەی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرا لە میانەی سەردانیدا بۆ ریاز و دیداری لەگەڵ شا و بەرپرسانی سعودیه‌دا بەڵگەیە بۆ ئەوە".

سامر ئەلسەبهان باسی لەوەشکردووە: "وڵاتەكەی هەمیشە بە یەك چاو سەیری پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكانی عێراق و كوردستان و ناوچەكە دەكات".

كردنەوەی كونسوڵگەری سعوودیە دوای ئەوە دێت، لە كۆتایی ساڵی رابردوو مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان سەردانی سعوودیەی كرد و لە لایەن شاسەلمان عەبدولعەزیز، لە كۆشكی پاشایەتی لە شاری ریاز پێشوازی لێكرا و ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە بەشداریان لە دیدارەكەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و شای سعوودیە كرد، ھەر ئەوكاتیش سعوودیە بڕیاریدا كونسوڵگەری خۆی لە ھەرێمی كوردستان بكاتەوە.