هه‌واڵێكی ناخۆش بۆ هه‌ودارانی مێسی و بارسێلۆنا
ئه‌مرۆ نه‌شته‌رگه‌ری بۆ مێسی ده‌كرێت
K24 ـ هه‌ولێر
به‌پێی هه‌واڵی سپۆرتی كه‌ته‌لۆنیا دوو ڕۆژه ئه‌ستێره ئهرژهنتینییهكهی یانه‌ی بارسێلۆنا به‌ده‌ست ئازاری گورچیله‌وه ده‌ناڵێنێت، به‌مه‌یش بڕیاره ئه‌مڕۆ به‌په‌له نه‌شته‌رگه‌ری بۆ بكرێت.
له مانگی دێسێمبه‌ری ساڵی رابردوویش پێگه‌ی فه‌رمی یانه‌ی بارسێلۆنا باسی له خراپی ڕه‌وشی ته‌ندروستی گورچیله‌كانی مێسی كرد بوو، به‌ڵام ئه‌وكات به‌شێوه‌یه‌كی كاتی چاره‌سه‌ری بۆ كرا، به‌ڵام مێسی جارێكی دیكه هه‌ستی به ئازاری گورچیله‌كانی كردۆته‌وه و به‌مه‌یش نه‌یتوانیوه به‌شداری مه‌شق و راهێنانه‌كانی دوێنێ و ئه‌مڕۆی یانه‌كه‌ی بكاته‌وه.
رۆژنامه‌ی ده‌یلی مه‌یلی به‌ریتانیایش ئه‌م هه‌واڵه‌ی پشتڕاست كردۆته‌وه و رایگه‌یاندووه ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه له شاری بارسێلۆنا مێسی نه‌شته‌رگه‌ری بۆ ده‌كرێت و ناشتوانێت به‌شداریی یاریی پێشكۆتایی جامی شای ئیسپانیا بێت كه بڕیاره سبه‌ی چوارشه‌ممه له كات 11:00ـی شه‌و له یاریگه‌ی مێستایه ببێته میوانی یانه‌ی ڤالێنسیا، به‌ڵام بارسا له‌و یارییه ئه‌ركی ئاسانه، به‌وپێیه‌ی له یاریی چووندا كه‌ته‌لۆنیاییه‌كان به ئه‌نجامی 7 گۆڵی بێوه‌ڵام سه‌ركه‌وت بوون.