پەرلەمانتارێك: داوامان لە حكوومەت كردووە پێداچوونەوە بە مووچەی پۆلیسی ھاتووچۆ بكەن

سوورین لەسەر بەرگریكردن لە مافەكانیان

K24 - ھەولێر:

ئەندامێكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، داوایان لە حكوومەت كردووە پێداچوونەوە بە لیستی نوێی مووچەی كارمەندانی پۆلیسی ھاتووچۆ بكەن.

ئاواز حەمید ئەفەندی، ئەندامێكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی (كوردستان24)ی راگەیاند: "دوای ئەوەی لیستی نوێی مووچەی فەرمانبەران رایگەیاندرا و نیگەرانی كارمەندانی پۆلیسی ھاتووچۆی لێكەوتەوە، داوامان لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كردووە، كە پێداچوونەوە بە لیستی مووچەكانیان بكات".

گوتیشی: "بەردەوام لەگەڵ حكوومەت لەسەر خەتین بۆ ئەوەی فشار دروست بكەین، ئه‌گەر لەم كۆبوونەوەیەش حكوومەت نەیتوانی بڕیار لە بارەی پێداچوونەوە بە لیستی كارمەندانی پۆلیسی ھاتووچۆ بكات، ئێمە بەردەوام دەبین لە ھەوڵەكانمان و سوورین لەسەر بەرگریكردن لە مافەكانیان".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "كەمكردنەوەی مووچەی كارمەندانی پۆلیسی ھاتووچۆ، نا ھەقیە بەرامبەر بەو ھێزە كراوە، چونكە جگە لەوەی پۆلیسی ھاتووچۆ بەردەوام لە ناو شارەكان خزمەت بە ھاووڵاتیان دەكەن، لە تەقینەوەكان و شەڕی دژی داعش قوربانی زۆریانداوە".

گوتەكانی ئەو پەرلەمانتارە لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆ سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی حكوومەت، لەگەڵ ھەر یەك لە وەزیری ناوخۆ و بریكاری وەزارەتی دارایی لە بارەی پرسی كەمكردنەوەی مووچە و ناڕەزای كارمەندانی پۆلیسی ھاتووچۆ كۆدەبنەوە.