پەرلەمانتارێکی پارتیی: بڕیاری كەمكردنەوەی مووچە گوزەرانی خەڵك خراپتر دەكات
"باشترین رێگەچارە ئەوەیە پارەی كەسانی كەمداھات یان ئەو كارمەندانەی مووچەكانیان كەمە، وەكوو خۆیان بمێننەوە، بەڵام مووچەی وەزیر، بریكار، ئەندامانی پەرلەمان و ئەو كەسانەی مووچەكانیان زۆرە كەمبكرێتەوە"
K24- ھەولێر:
نارەزایەتییەكان بەرامبەر بڕیاری كەمكردنەوەی مووچەی كارمەندانی ھەرێمی كوردستان ھەتا دێت زیاتر دەبێت، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، حەیات مەجید پەرخیی، لەسەر ئەو بڕوایەیە، پڕۆژەی كەمكردنەوەی مووچە بەو شێوەیە گوزەرانی خەڵك خراپتر و ئەركی حكوومەتیش قورستر دەكات.
لە لیدوانێكی تایبەت بە ماڵپەڕی (كوردستان 24) حەیات مەجید رایگەیاند: "ھەر ھەنگاوێكی چاكسازیی كە خزمەت بە باشتربوونی گوزەرانی خەڵكی بكات، جێگای دەستخۆشی و پشتیوانیكردنە، بەڵام پرۆژەیەی كەمكردنەوەی مووچەی كارمەندان سەرباری ئەوەی گوزەرانی خەڵك خراپتر دەكات، ئەركی سەر شانی حكوومەتیش قورستر دەكات".
حەیات مەجید گوتیشی: "من ئەندامێكی ئەو كۆمەڵگەیەم و نوێنەری ئەو خەڵكەم لە پەرلەمانی كوردستان، بۆیە دەنگم پێدراوە داكۆكی لە مافەكانیان بكەم، ئەو بڕیارەی حكوومەت زیان بە چینی كەمداھات دەگەیەنێت و كێشە كۆمەڵایەتییەكان زیاتر دەكات".
سەبارەت بە رای فراكسیۆنی پارتیی لە بارەی كەمكردنەوەی مووچەی كارمەندان، ئەم ئەندامەی پەرلەمان گوتی: "بێگومان فراكسیۆنی پارتیش نیگەرانی ئەو بارودۆخەی ھەرێمی كوردستانە. ھەر ئەندام پەرلەمانێك راستە دەبێت لە چوارچێوەی فراكسیۆنەكەیدا پابەندی پرەنسیپە دیاریكراوەكان بێت، بەڵام ئەندام پەرلەمان وەكوو تاكیش خاوەنی رای خۆیەتی و دەتوانێ ئازادانە رای خۆی دەربڕێت، من لە پەیجی تایبەتی خۆمدا نارەزایەتیم بەرامبەر كەمكردنەوەی مووچە دەربڕیوە و تەنانەت بەشێك لە ئەندامانی فراكسیۆنی پارتیش لەگەڵم ھاوڕان".
حەیات مەجید ئەوەشی خستەڕوو: "پاشەكەوتیكردنی مووچە لە لایەن حكوومەتەوە، بەتایبەت بۆ ئەو كەسانەی كەم دەرامەتن ھیچ سوودێكی نییە، ئەو كەسانە ئێستا پێویستییان بە نان، گۆشت و شتومەكە، خاوەن ماڵ داوای كرێخانووییان لێدەكات، ئێستا ئەگەر پارە نەبێت، پێداویستییەكانیان دابێن بكەن، لە داھاتوودا بۆچییانە؟".
ئەو ئەندام پەرلەمانە ئەوەشی خستەڕوو: "باشترین رێگەچارە ئەوەیە پارەی كەسانی كەمداھات یان ئەو كارمەندانەی مووچەكانیان كەمە، وەكوو خۆی بمێنێتەوە، بەڵام مووچەی وەزیر، بریكار، ئەندامانی پەرلەمان و ئەو كەسانەی مووچەكانیان بەرزە كەمبكرێتەوە و حكوومەت ھەوڵبدات لێپێچینەوەش لەو كەسانە بكات كە كەمتەرخەمن بەرامبەر جێبەجێكردنی بڕیارەكانی چاكسازی".