به ڤیدیۆ.. هاندهرانی پرێمهر لیگ ههڕهشه له یانهكانیان دهكهن
ئەگەر نرخی بلیتی یارییەکان دانەبەزێنن، ئەوا بایکۆتی یارییەکانی خولەکە دەکەن
K24 ـ ههولێر
هاندەرانی یانەکانی پرێمەرلیگ هەڕەشە لە یانەکانیان دەکەن، ئەگەر نرخی بلیتی یارییەکان دانەبەزێنن، ئەوا بایکۆتی یارییەکانی هەفتەی داهاتووی خولەکە دەکەن، لە ئەڵمانیاش هاندەرانی یانەی بۆروسیا دۆرتمۆند لە یاریی یانەکایان لە جامی پۆکاڵدا وەکو ناڕەزاییەک لە بەرامبەر بەرزی نرخی بلیتی یارییەکان، دەیان تۆپی تێنسیان فڕێدایە ناو یاریگە.
"ئێمە هاندەرین نەوەک کڕیار، تۆپی پێ بێ هاندەر یەکسان بە هیچ".. ئەمانە ئەو دروشمانەن کە زۆربەی یاریگەکانی بەریتانیایان تەنیوەتەوە و هاندەرانی یانەکان بەهۆی گرانی نرجی بلیتی یارییەکان، هەڕەشەی بایکۆتکردنی یارییەکان دەکەن.
هەفتەی رابردوو ناڕەزایی هاندەرانی یانە ئینگلزیییەکان گەیشتە لوتکە، کاتێک هاندەرانی یانەی لیڤەرپوول بەهۆی ئەوەی یانەکەیان بەنیازە بۆ وەرزی داهاتوو نرخی بلیتی یارییەکان بۆ ٧٧ پاوەند بەرزبکاتەوە، نزیکەی ١٠ هەزار هاندەری سوورپۆشەکان لە خولەکی ٧٧ی یاریی یانەکەیان لە بەرامبەر سەندەرلاند یاریگەیان بەجێهێشت و ناڕەازیی هاندەرانی رێدز لە دوایین یاریی یانەکەیان لە بەرامبەر وێستهام یونایتدیش بەردەوام بوو.
هاندەرانی یانەی لیڤەرپوول تەنیا نین، بەڵکو فێدراسیۆنی هاندەرانی تۆپی پێ لە پشتەوەی ئەم هەڕەشانەی هاندەرانەوەن و ئەو فێدراسیۆنە هەڕەشەی ئەوە لە گشت یانەکانی پرێمەرلیگ دەکات، ئەگەر بیر لە نزمکردنەوەی نرخی بلیتی یارییەکان نەکەنەوە، ئەوا هەفتەی داهاتوو لە گەڕی بیست و شەشەمینی پرێمەرلیگدا، هاندەرانی بایکۆتی سەرجەم یارییەکانی خولەکە دەکەن.
بلیتی یارییەکانی پرێمەرلیگ ئەوەندە گرانە، تێکڕای نرخی هەر بلیتێک دەگاتە ٣١ پاوەند، لە کاتێکدا نرخی بلیتی یارییەکان بایرن میونشنی ئەڵمانی ١١ پاوەندە و ١٧ پاوەندیش بەسە بۆ ئەوەی بتوانیت بلیتی یارییەکی بارسێلۆنای ئیسپانی پێ بکڕیت و نرخی بلیتی یارییەکانی ریال مەدریدیش ٢٦ پاوەندە.
ناڕەازیی هاندەران تەنیا بەریتانیان نەگرووەتەوە، بەڵکو لە ئەڵمانیاش هاندەرانی بۆروسیا دۆرتمۆند لە یاریی یانەکەیان لە قۆناخی چارەگی کۆتایی جامی ئەڵمانیا لە بەرامبەر شتوتگارتدا، دەیان تۆپی تێنسیان فڕێدایە ناو یاریگە و نارەزایی خۆیان بەرامبەر بەرزبوونەوەی نرخی بلیتی یارییەکان دەربڕی.