سه‌رۆكی حكوومه‌ت: مانگانه خشته‌ی مووچه هه‌موارده‌كرێته‌وه
هه‌ر داهاتێك بۆ هه‌رێمی كوردستان زیاد بێت، مانگانه ده‌خرێته سه‌ر خشتهكه
K24 - هه‌ولێر:
سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئه‌و خشته‌ی ئێستا راگه‌یه‌ندراوه بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، مانگانه چاوی پێدا ده‌خشێننه‌وه.
نێچیرڤان بارزانى, سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، گوتی: "مانگانه چاو به خشته‌كه‌دا ده‌خشێنینه‌وه و هه‌ر داهاتێك بۆ هه‌رێمی كوردستان زیاد بێت، مانگانه ده‌خرێته سه‌ر خشتهكهو جارێكی دیكه‌ش هه‌موار ده‌كرێته‌وه".
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت له بازاڕه‌كانی جیهان، شه‌ڕی داعش و هاتنى رێژه‌یه‌كی زۆری په‌نابه‌ران، بارێكی گرانی كه‌وتووه‌ته سه‌ر حكوومه‌ت.
هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، ئه‌و رێكارانه‌ی ئێستا گراونه‌ته به‌ر، ناچاری و كاتییه و له كاتی زیادبوونی داهاتهكاندا، چاو به خشته‌كه‌دا دهخشندرێتهوه.
ئه‌و لێدوانانه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ت و جێگره‌كه‌ی، له میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌یاندا له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیدا هاتن بڕیاریشه بۆ ده‌ربازبوون له قه‌یرانی دارایی، به هاوكاری رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، وۆركشۆپی هاوبه‌ش ئه‌نجام بده‌ن.