لە حاجی ئۆمەران خۆپێشاندانە

شوفێرانی ناوچەكە داواكاریان ھەیە

K24- هەولێر:

ژمارەیەك شوفێری تەکسیی لە سنووری شارۆچکەی چۆمان لە پارێزگای هەولێر دژی كاركردنی شۆفێرانی ئێرانیی کە سەرنشینان دەگوازنەوە لە ناوچەكە خۆپێشاندانێكیان لەسەر رێگەی حاجی ئۆمەران رێكخست و رێگە نادەن ئەو ئۆتۆمبێلانە بێنە سنووری شارۆچکەکانی چۆمان و سۆران.

ھەڤاڵ سەعید، ئەندامی ئەنجوومەنی شوفێرانی ناوچەی باڵەکایەتیی لە باشووری کوردستان کە بەشدارە لە خۆپێشاندانەكە بە ماڵپەڕی (كوردستان24)ی راگەیاند: "لە لایەن حكوومەتی ھەرێمەوە رێگە بە چەند كۆمپانیایەكی ئێران دراوە سەرنشین لە ئێرانەوە بگوازنەوە بۆ ھەولێر و شارەكانی دیكە، جگە لەوەی سەرنشین لە ئێرانەوە دەگوازنەوە لە حاجی ئۆمەرانیش سەرنشین دەگوازنەوە، ئەمەش وایكردووە كە شوفێرانی ئەو ھێڵە كە خەڵكی ھەرێمی كوردستانن بێكاربن".

ھەڤاڵ سەعید گوتیشی: "مانگێك لەمەوبەر یاداشتێكمان دایە قایمقامی چۆمان و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ ئەوەی ھیچ نەبێت ژمارەی ئۆتۆمبێلە ئێرانییەكان كەمبكرێنەوە، بەڵام گوێمان لێ نەگیرا بۆیە ئەمڕۆ خۆپێشاندانمان رێكخست و رێگە نادەین ھیچ ئۆتۆمبێلێكی ئەو كۆمپانیا ئێرانیانە لە حاجی ئۆمەرانەوە دەربازی شارەكان ببن".

ئەو شوفێرە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "ئەگەر گوێمان لێ بگیرێت و ژمارەی ئۆتۆمبێلی ئێرانیی كەمبكرێتەوە، ئێمەش ئامادەین نرخی گواستنەوەی سەرنشین كەمدەكەینەوە".

دەروازەی حاجی ئۆمەران یەكێكە لە دەروازە نێودەوڵەتییەكانی ھەرێمی كوردستان، كە ئالوگۆڕی بازرگانیی و ھاتووچۆی گەشتیارانی نێوان ئێران و ھەرێمی كوردستانی پێدا تێپەردەبێت، جگە لە سوودی ئابووریی و بازرگانیی دەروازەکە بۆ هەرێمی کوردستان، دەروازەکە بووەتە سەرچاوەی ژیان و گوزەران بۆ ژمارەیەكی زۆر لە كاسبكار و شوفێرانی ناوچەی باڵەكایەتی و سۆران.

لە حاجی ئۆمەران خۆپێشاندانە
لە حاجی ئۆمەران خۆپێشاندانە
لە حاجی ئۆمەران خۆپێشاندانە
لە حاجی ئۆمەران خۆپێشاندانە
لە حاجی ئۆمەران خۆپێشاندانە
لە حاجی ئۆمەران خۆپێشاندانە
Fly Erbil Advertisment