فەرماندەیەكی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران لە سووریا كوژرا
بەپێی سەرچاوەکان لە شەڕی باكووری حەلەب دا تا ئێستا زیاتر لە 50 ئەندامی رێكخراوی بەسیج و سوپای پاسدارانی ئێران لەو شەڕەدا كوژراون.
K24- ھەولێر:
ئاژانسی ھەواڵی (تەسنیم) سەر بە پاسدارانی ئێران، كوژرانی فەرماندەی پێشووی ھێزی تایبەتی محەممەد رەسوڵڵای سوپای پاسداران، رەزا فەرزانەی لە سووریا پشتڕاستكردەوە.
بەگوتەی سەرچاوەکە ئەو فەرماندە باڵایەی سوپای پاسداران لە شەڕ و پێكدادانەكانی دوو رۆژی رابردووی سووریادا كوژراوە.
رەزا فەرزانە 40 رۆژ بەر لە ئێستا چووە بۆ سووریا و بەپێی ھەواڵدەرییەكانی ئێران لە ھەڵمەتێكی راوێژكاریی ھێزەكانی ئێران لەو وڵاته كوژراوە.
فەرزانە لە شهڕی 8 ساڵهی ئێران و عێراقدا یەکێک بووە لە فەرماندەکانی گوردانی 27ی میکانیزە، ئەمە لە کاتێکدایە کە هیچ ئاماژەیەکیان بە پلەی ناوبراو نەکردووە و باسی ئهوهشیان نهکردووه که لە چ ناوچەیەک کوژراوە.
بەپێی راگەیاندنی جیهانیی لە ماوەی دوو ھەفتەی رابردوودا و لە شەڕی باكووری حەلەب دا تا ئێستا زیاتر لە 50 ئەندامی رێكخراوی بەسیج و سوپای پاسدارانی ئێران لەو شەڕەدا كوژراون.
فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بەردەوام دەڵێن: ھێزە سەربازییەكانمان و بەتایبەی فەرماندەكانی سوپای پاسداران بەمەستی پێشکەشکردنی راوێژكاریی سەربازیی و پاراستنی شوێنە پیرۆزەكانی وەكوو (مەزارگەی زەینەب) چوونەتە سووریا.
رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، عەلی خامەنەیی لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ بنەماڵەی كۆژراوەكانی سووریا گوتی: "ئەگەر سوپای پاسداران لە سووریا لەگەڵ داعش شەڕ نەكات ناچارە بۆ پاراستنی ئێران لە ناوخۆی ئێران ئەو شەڕەی لەگەڵ بكات".
سەرچاوە: ئەلعەرەبییە نێت، وەرگێڕان: لەیلا قادریی