فارس نیوز: رووسیا و سعودییە لە دژی ئێران پێكھاتن

وەزیری نەوتی ئێران: ئێمە پێداگرین لەسەر بەرھەمھێنانی نەوت و پاشەكشە ناكەین

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/6a3e8ef3-f745-41e7-b669-85f72ca36de7/Rekawtni%20nawt%20doha.ism/manifest

K24 – ھەولێر:

دوای ئەوەی چەند وڵاتێكی بەرھەمھێنەری نەوەت بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ بەرزكردنەوەی نرخی نەوت بڕیاریاندا، ھەناردەی نەوتەكەیان كەمبكەنەوە، ئێران پابەند نەبوونی خۆی بەو بڕیارە راگەیاند.

دوای كۆبوونەوەی وەزیرانی نەوت و وزەی سعودییە، رووسیا، قەتەر و ڤینزویلا ئەو وڵاتانە لەسەر ئەوە رێككەوتن لە پێناو بەرزکردنەوەی نرخی نەوت پلانی جێگیرکردنی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت لە بازاڕەکانی جیھانی جێبەجێ بكەن، بەڵام ئێران ھەر زوو گوتی: "پابەندی ئەو بڕیارە نابین و نەوتی زیاتر بەرھەمدێنین".

رووسیا و سعودییە لە سەر پرسی نەوت كەوتوونەتە بەرەیەكەوە، ئەوە لە كاتێكدایە ھەر دوای راگەیاندنی رێككەوتنی رووسیا و سعودییە و چەند وڵاتێكی بەرهێنەری نەوت لەسەر راگرتنی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت، وەزیری نەوتی ئێران، بیژەن زەنگەنە ناڕەزایەتی دەربڕی.

زەنگەنە گوتی: "ئێمە لەسەر بەرھەمھێنانی نەوت پێداگیرین و پاشەكشە ناكەین". 

وەزیرانی نەوتی سعودییە، قەتەر، رووسیا و ڤینزویلا كە وڵاتانی بەرھەمھێنەری نەوتن لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لەسەر دۆزینەوەی رێگەچارەیەكی گونجاو بۆ بەرزكردنەوەی نرخی ئەو زێڕە رەشە كۆبوونەوە، ھەرچەندە ئێرانیش یەكێك لە وڵاتانی بەرھەمھێنەری نەوتە، بەڵام لەو دانیشتنە بێبەش بوو.

وەزیری وزەی قەتەر محەممەد ساڵح ئەلسادە گوتی: "وڵاتانی بەرھەمھێنەری نەوت لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست پێویستە لە پێناو جێگیرکردنی نرخی نەوت لە بازاڕدا، ھەناردەی نەوتیان كەمبكەنەوە".

وەزیری وزەی قەتەر گوتیشی: پێویستە سەرجەم وڵاتانی بەرھەمھێنەری نەوت چ ئەو وڵاتانەی ئەندامی رێکخراوی ئۆپیكن و چ ئەوانەش كە ئەندام نین و نەوت بەرھەم دێنن، بۆ نموونە ئێران و عێراقیش بۆ جێگیرکردنی نرخی نەوت لە بازاڕدا دەبێ پلانی بەرزكردنەوەی ئاستی بەرھەمەكانیان ھەڵوەشێننەوە".

ئێستا بە گوێرەی لێدوانەكانی وەزیری نەوتی ئێران، ئەو وڵاتە بەنیازە لە مانگەكانی داھاتوودا بەرھەمھێنانی نەوت بە رێژەیەكی بەرچاو زیادبكات و پابەندی خاڵەكانی رێككەوتنەكە نەبێت.

دانیشتنی وڵاتانی بەرھەمھێنەری نەوت لەكاتێكدایە، 18 مانگە بەردەوام نرخی نەوت رووی لە دادەبەزین كردووە و تەنانەت لە 18مانگی رابردوودا، نرخی نەوت لە 115 دۆلار بۆ ھەر بەرمێلێك گەیشتووەتە 30 دۆلار و بەرز و نزمبوونەوەی نرخەكەش ھەر بەردەوامە.

دوای رێككەوتنی ناووكی و لابردنی بەشێك لە گەمارۆكانی سەر ئێران،  ئەو وڵاتە دەخوازێت بە بەزركردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت ئابووریی وڵاتەكەی ببووژێنێتەوە.

داڕشتنەوە: لەیلا قادریی

Fly Erbil Advertisment