توركیا... كۆبوونەوەی ئەمنیی نائاسایی بەڕێوەدەچێت
لە بەرنامەی كاری ئەمڕۆیدا نەبووە
K24 - ھەولێر:
سەرۆك كۆماری توركیا بڕیاریدا، كۆبوونەوەی نائاسایی لە بارەی رەوشی سیاسیی لە وڵاتەكەی بەڕێوەبچێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا شەوی رابردوو بڕیاریدا، كە كۆبوونەوەیەكی ئەمنیی نائاسایی ئەنجامبدرێت. بڕیارە ئەمڕۆ كۆبوونەوەكە لە كۆشكی سەرۆكایەتی كۆمار بەڕێوەدەچێت.
ئەو داوایەی ئەردۆغان، شەوی رابردوو لە ماڵپەڕی فەرمیی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا بڵاوكرایەوە، بە گوێرەی زانیاریی میدیاكانی ئەو وڵاتە چاوەڕوان دەكرێت، بەرپرسانی باڵای توركیا بەشداریی لە كۆبوونەوە بكەن و باس لە دوا پێشھاتەكانی سووریا و رۆژئاوای كوردستان بكرێت.
ھەرچەندە تا دوێنێ شەو ئەو كۆبوونەوەیە لە بەرنامەی كاری سەرۆك كۆماری توركیادا نەبووە و بڕیارەكە لە ناكاو بووە.
ئەوە لە كاتێكدایە توركیا جگە لە كێشە ناوخۆییەكانی، گرژیی زۆری لەگەڵ رووسیادا ھەیە، لەم چەند رۆژەی دوایشدا چەند جارێك بارەگاكانی یەكینەكانی پاراستنی گەل (ھەپەگە)ی لە رۆژئاوای كوردستان تۆپباران كرد، لە بەرامبەر ئەوەشدا چەند وڵاتێك نیگەرانیی خۆیان دەربڕی و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی بە كۆی دەنگ داوای لە توركیا كرد، كە تۆپبارانكردنی سووریا بوەستێنێت.
داڕشتنەوە: ھەڤاڵ مەلا