یانه‌ی هه‌ولێر به بردنه‌وه‌ی له نه‌جه‌ف هیوایه‌كانی زیندوو بۆوه
K24 ـ هه‌ولێر
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ لە خولی نایابی تۆپی پێی عێراقدا، یانه‌ی ھەولێر لە نێو یاریگه‌ی فره‌نسۆ هه‌ریری میوانداریی یانه‌ی نه‌جه‌فی كرد و یارییه‌كه‌شی به دوو گۆڵی بێوه‌ڵام لێ برده‌وه.
هه‌ر دوو گۆڵه‌كه‌یش له گێمی یه‌كه‌م له لایه‌ن ئه‌حمه‌د عه‌بدولئه‌میر و فه‌رحان شوكووره‌وه تۆمار كران.
ئه‌م یارییه بۆ هه‌ولێرییه‌كان یاری مان نەمان بوو، چونكه مانه‌وه‌یان له خوله‌كه به‌و یارییه‌وه گرێدرا بوو، بۆیه ژیرانه ده‌رفه‌ته‌كه‌یان قۆزته‌وه و هیواكانیشیان بۆ گه‌یشتن به قۆناخی داهاتوو به زیندوویی هێشته‌وه.
یانه‌ی نه‌جه‌ف له میژووی 10 ساڵی رابردوو كه ڕووبه‌رووی یانه‌ی هه‌ولێر بۆته‌وه نه‌یتوانیوه قه‌ڵای زه‌رد بڕوخێنێت و هیچ یارییه‌كی لێ نه‌بردۆته‌وه، له به‌رانبه‌ردا یانه‌ی هه‌ولێر ئه‌مڕۆ سێزده‌یه‌مین سه‌ركه‌وتنی له دژی ئه‌و یانه‌یه نووسییه‌وه.
یانەی هه‌ولێر بە كۆكردنەوەی 23 خاڵ به‌شێوه‌یه‌كی كاتی هاته خانه‌ی سێیه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌ی، ھەرچی یانەی نەجەفیشە بە هه‌مان خاڵی هه‌ولێر بۆ خانه‌ی پێنجه‌م داكشا.
خولی نایابی تۆپی پێی عێراق ئه‌م وه‌رزه به به‌شداریی 20 یانه به‌سه‌ر دوو كۆمه‌ڵه‌دا دابه‌شكراون، له هه‌ر كۆمه‌ڵه‌یه‌ك چوار یانه بۆ قۆناخی داهاتوو سه‌رده‌كه‌ون.
له هه‌ر كۆمه‌ڵه‌یه‌كیش یانه‌یه‌ك بۆ ریزی خولی پله‌یه‌ك داده‌به‌زێت، له ئێستادا یانه‌ی دهۆك به‌هۆی كشانه‌وه‌ی له خوله‌كه بڕیاری دابه‌زینی بۆ خولی پله‌یه‌ك به‌سه‌ردا سه‌پاوه، ره‌نگه یانه‌كه‌ی تریش كه ماڵئاوایی له خوله‌كه ده‌كات له نێوان یه‌كێك له یانه‌كانی (كه‌ربه‌لا، حدود و سناعه) یه‌كلایی بێته‌وه.
بۆزانین، یانه‌ی هه‌ولێر له‌م قۆناخه‌ی خولی نایابی تۆپی پێی عێراقدا دوو یاریی له به‌رانبه‌ر یانه‌ی قوه‌ی جه‌وییه و زاخۆ ماوه.