بۆ جاری 17 بەڕێوەبەری مایكرۆسۆفت دەوڵەمنترین کەسی جیھانە

بزانە تێکرای سامانەکەی بیل گیتس چەندە

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/2089997c-c033-492b-b345-dab8b9c40082/forbes%202016.ism/manifest

K24- ھەولێر:

بەپێی ریزبەندی ساڵانەی دەوڵەمەندترین کەسانی جیھانی لە ساڵی 2016 کە گۆڤاری فۆربیس بڵاوی کردەوە، جارێکی دیكە بیل گیتس، دامەزرێنەری کۆمپانیای مایکرۆسۆفت یەکەمی ریزبەندەکەیە، بەمەش بیل گیتس لە 22 ساڵی رابردوودا 17 جار لە یەکەمی ریزبەندی دەوڵەمەندترین کەسانی جیهاندا ناوی هاتووە.

وادیارە داهاتی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت کە بە زەبەلاحی بواری بەرهەمهێنانی بەرنامەکانی کۆمپیوتەر ناودەبرێت لە ئاستی هەموو جیهان، لە کەمیی داوە، چونکە ئەم ساڵ داھاتی بیل گیتسی بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە وەک گۆڤاری فۆربیس دەڵێ لە کەمیی داوە، لەگەڵ ئەوەشدا گۆڤارەکە تێکرای سامانی بیل گیتس بە 75 ملیار دۆلار مەزەندە دەکات، ئەمە لە كاتێكدایە ساڵی 2015 تێکرای سامانی بیل گیتس بە 79 ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری ئەمریکیی مەزەندە کرابوو.

ئامانیکۆ ئۆرتگایێ، خاوەنی براندی زارا كە کۆمپانیایەكی بەرھەمھێنانی پۆشاکە لە پلەی دووەمی ریزبەندی دەوڵەمەنترین کەسانی جیهاندایە و گۆڤارەکە سامانی ئامانیکۆ بە 67 ملیار دۆلاری ئەمریکیی مەزەندە دەکات.

ھەروەھا وارێن بۆفێت بە لە دەست دانی 11 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار، تێکرای سامانی گەیشتووەتە 60 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار و لە پلەی سێیەمی ریزبەندەکەدایە.

ھەریەکە لە کارلۆس سەلیمی مەکسیکی و جێف بیسۆزی خاوەنی کۆمپانیایی ئامازۆن و مارك زوكه‌ربێرگ دامەزرێنەری تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) لە رێزبەندی چوارەم و پێنجەم و شەشەمی دەوڵەمدنترین ئەو کەسایەتیانەن کە فۆربیس بۆ ئەمساڵ ھەڵیبژاردوون بە ھەبوونی نزیکەی 50 ملیار دۆلار بۆ ھەر یەکێکیان.

بەڵام لە نێوان ئافرەتەکاندا خاوەنی براندی لۆریالی فەرەنسیی، لیلیان باتێن کۆرت، كە خاوەنی 36 ملیار و 100 ملیۆن دۆلارە بووە دەوڵەمەنترین ئافرەتی جیھان.

گۆڤاری فۆربیس ئەوەی ئاشکرا کردووە بۆ ئەمساڵ ھەزار و 810 ملیاردێر لە جیھاندا هەن، بەمەش ژمارەی ملیاردێرەکانی جیهان بەراورد بە ساڵی رابردوو لە کەمی داوە و 16 کەس لە لیستەکە دەرکراون.

زۆرترین کەسانی دەوڵەمەندی لیستەکە خەڵكی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکان كە ژمارەیان دەگاتە 540 کەس و لە دوای ئەمریكا ھەر یەکە لە چین و ئەڵمانیا، ھیندستان، رووسیا دێن.

داڕشتنەوە: ش، م