حكوومەت پارەی مانگانە بۆ كەركووك تەرخان دەكات

"لە پشكی پترۆدۆلار دەخاتە سەر حیسابی كەركووك"

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/51c1e815-7734-406f-a658-759804890ed8/samane%20srushtiyekan%20kerkuk.ism/manifest

K24 - كەركووك:

بڕیارە لە مەودوا حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، مانگانە بڕی 10 ملیۆن دۆلار وەك پارەی پترۆدۆلار بدات بە پارێزگای كەركووك.

لە لێدوانێكدا بۆ (كوردستان24) فوئاد حوسێن، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك رایگەیاند: "وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان نووسراوێكی ئاراستەی پارێزگای كەركووك كردووە، لەمەودوا مانگانە 10 ملیۆن دۆلار لە پشكی پترۆدۆلار دەخاتە سەر حیسابی بانکیی كەركووك".

ھاووڵاتیانی کەرکووکیش ئەم ھەنگاوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە گرنگ ناودەبەن، لەگەڵ ئەوەشدا گومانیان ھەیە لە چۆنێتی خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە.

ھاووڵاتییەكی دانیشتووی كەركووك بە (كوردستان24)ی گوت: "دەستخۆشیی لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەین بۆ ئەم بڕیارە، بەڵام ئایا ئەو پارەیە كە دەدرێت بە كەركووك دەكەوێتە دەستی كێ؟ دەكەوێتە دەستی گەندەڵكارانەوە یان بۆ خزمەتی شارەكەیە؟".

یەكێكی دیكە لە ھاووڵاتیانی كەركووك دەڵێ: "ھەنگاوێكی باشە ئەگەر كەركووك ئەو پارەیەمان بۆ بنێرێت پێویستمان بە بە بەغدا نامێنێ".

پێشتر نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووك گرێبەستێکی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی كوردستان واژۆ كردووە، بڕیاربوو لە بەرامبەر ھەناردەکردنی ھەر بەرمیلێک نەوت بڕی دوو دۆلار بدرێت بە پارێزگای کەرکووك، بەڵام بەھۆی قەیرانی داراییەوە ئەو بڕە كەمكرایەوە بۆ یەك دۆلار.

ئەوە لە كاتێكدایە لە ساڵانی رابردوودا بەغدا بڕێك پارەی وەك پارەی پیترۆدۆلار دەدات بە كەركووك، بەڵام زیاتر لە دوو ساڵە ھیچ بڕە پارەیەک لەل ایەن حکوومەتی عێراقەوە نەدراوە بە پارێزگای کەرکووك.

داڕشتنەوە: ھ . م