هەردوو دەستی لەدەست داوە کەچی یاریی کریکێت دەکات

گەنجێکی کشمیر موعجیزە دەخوڵقێنێت

K24- هەولێر

کریکێت یارییەکە پێویستی بە دوو دەست بەھێز ھەیە، بەڵام ئەو کارە لای ئەمیر حوسێن جیاوازە. ئەمیر لە کشمیری وڵاتی ھیندستان دەژی و لە تەمەنی ھەشت ساڵییەوە ھەردوو دەستی لەدەستداوە و ھەموو ئەو رێچکانەی شکاند کە رێگرن لەسەر ئەنجامدانی ئەو یارییە و ئێستا یەکێکە لە ئەستێرەکانی ناوچەکەی خۆی 

باوکی ئەمیری 26 ساڵان کاری دروست کردنی داری کریکێتی دەکرد، ھەر بەو مشارەی کە  باوکی دارە بەھێزەکانی دەبڕیەوە، رۆژێک لە رووداوێکی نەخوازراودا دەستەکانی ئەمیریشی لەگەڵ خۆی برد و تاھەتایە ئەمیری بێ دەست کرد، ئەوەش وای لە خێزانەکەی ئەمیر کرد ھەرچی شتیان ھەیە بیفرۆشن بۆ ئەوەی کوڕەکەیان لە مردن رزگار بکەن. پاش سێ ساڵ مانەوە لە نەخۆشخانە ئەمیر بەبێ دەست دەستی بە ژیان کردەوە.
ئەمیر بۆ ھاوێشتنی تۆپی کریکێت قاچی بەکار دەھێنێت و بۆ گرتنی دارەکەش ملی و شانی بەکار دەھێنێت و وەک  یاریزانێکی ئاسایی یارییەکە ئەنجام دەدات.
بە ماوەیەکی کەم ئەمیر لە کەسێک کە ھاوڕێکانی گاڵتەیان پێ دەکرد بوو بە کەسێکی خاوەن توانا و ئێستاش کاپیتانی تیمی کریکیتی کشمیرە بۆ خاوەن  پێداویستییە تایبەتییەکان.
باوکی لەبارەی ئەو ساتانە دەدوێ کە ھەموو ماڵەکەی فرۆشت بۆ ئەوەی کوڕەکەی چارەسەر بکات، ھەروەھا دەشڵێت کە خەڵکی پێیان دەگووتم پارەکەت بە فێرۆ دەدەی لە چارەسەرییەکی بێ سوود.
ھەروەھا داپیرەی ئەمیر یەکێکە لە پشتیوانەکانی کورەزاکەیی و ئەو ھانی داوە بۆ ئەوەی بخوێنێت بەڵام یەکێک لە مامۆستایەکان بە ئەمیری گوتووە ئێرە قوتابخانەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان نییە و ئەمیر نەیتوانی بخوێنێت.
ئەمیر ھەمیشە چاوی لەوەیە زیاتر پێش بکەوێ لە یاری کردن و ئاستی خۆی باشتر بکات بۆ ئەوەی رۆژێک لە رۆژان لەگەڵ ھەڵبژاردەی ھیندستان یاری بکات .

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/c080d4c4-6863-4322-9d35-2f402b7c876f/realmadrid.ism/manifest