نێچیرڤان بارزانی: ئاماده‌ین په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا ئاسایی بكه‌ینه‌وه
هه‌رێم پلانی چاكسازى و چارەسەركردنی قەیرانی دارایی بۆ وڵاتانی (G7) ئاشكراكرد
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یی هه‌رێمی ده‌ربڕی به گفتوگۆ و له‌یه‌كتێگه‌یشتن په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا ئاسایی بكاته‌وه.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ نیچیرڤان بارزانی سەرۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، لەگەڵ باڵوێز و نوێنەری وڵاتانی (G7) و نوێنەری یۆنامی و نوێنەری یەكێتیی ئەورووپا لە عیراق كۆبوونەوە.
نێچیرڤان بارزانی باسی لە مەترسیی قەیرانی دارایی لەسەر هەرێمی كوردستان كرد و تیشكى خسته سه‌ر هۆكارەكانی كە بریتین: "لە بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە لایەن حكوومەتی عیراقەوە، هاتنی زیاتر لە ملیۆنێك و 800 هەزار ئاوارە و پەنابەر بۆ كوردستان، شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت لە بازارەكانی جیهان".
سەرۆك وەزیران بۆ شاندی میوان ڕوونیكردەوە: "قەیرانی دارایی مەترسییەكی گەورەی لەسەر هەرێمی كوردستان دروست كردووە، بۆیه حكوومەتی هەرێم پلانێكی تۆكمەی بۆ تێپه‌ڕاندنى ئەو قەیرانە داڕشتوە".
داواشیكرد: "وڵاتانی جیهان هاوكاریى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن بۆ ئەوەی بە كەمترین زیان له‌م قه‌یرانه دەربازى ببێ".
دواتر قوباد تاڵەبانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم پلانی چاكسازیى حكوومەتی هەرێمی كوردستانى بۆ شاندی میوان شیكردەوە و باسی لە وردەكاریی هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی ئەو پلانە كرد كە دواجار دەبێتە چاكسازییه‌كى گشتگیر لە هەموو سێكتەرەكانی حكوومەتدا.
باسى له‌وه‌شكرد: "كه سەرەكیترین خاڵی ئەم پلانە دروستكردنی هاوسەنگیەكی باشه لە نێوان خەرجی و داهاتی حكوومەت كە 95%ی داهاتی فرۆشتنی نەوته".
ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكرد: "ئامانج لە پلانی چاكسازى، ڕێكخستنەوەی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان و باشتركردنی ژیان و بژێوی خەڵكە".
لای خۆیانه‌وه شاندی وڵاتانی (G7) سەرنج و تێبینیی خۆیان سەبارەت بە پلانەكە خستە ڕوو و ئامادەییشان بۆ هاوكاریكردنی حكوومەتی هەرێمى كوردستان دەربڕی.
شاندی وڵاتانی (G7) داوایانكرد: "پەیوەندیی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی بەغدا ئاسایی ببێتەوە بۆ ئەوەی هەردوولا سوود لەیەكتر ببینن".
لە بەرامبەردا نێچیرڤان بارزانى ئاماده‌یی حكوومه‌تى هه‌رێمی بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییه‌كان لەگەڵ حكوومەتی بەغدا له "ڕێگه‌ى دیالۆگ و لێكگه‌یشتنه‌وه" ده‌ربڕى.
داواشیكرد: "له كۆبوونه‌وه‌ى داهاتووى گرووپى (G7) دا كه له تۆكیۆ ده‌به‌سترێ، گرینگى به دۆخى كوردستان بدرێ".
سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی حكوومه‌تی هه‌رێم
ئا: م.ح