ئاژانسی تەندروستی جیھانی: گواستنەوەی ڤایرۆسی زیكای لە رێگەی سێكسەوە راگەیاند

"توێژینەوەی زۆر لە وڵاتان ئەوەیان دەرخستووە، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی زیكا لە رێگەی سێكسەوەیە"

K24 - ھەولێر:

سكرتێری ئاژانسی تەندروستی جیھانی رایگەیاند، ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی زیكا لە رێگەی پەیوەندی سێكسی زۆر لەوە زیاترە كە پێشتر پێشبینی دەكرا.

دوای كۆبوونەوەی لیژنەی باری لەناكاو لەگەڵ دامەزراوەی تەندروستی نەتەوە یەكگرتووەكان، سكرتێری گشتی ئاژانسی تەندروستتی جیھانی مارگرێت چان، دووپاتی كردەوە، كە توێژینەوەی زۆر لە وڵاتان ئەوەیان دەرخستووە، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی زیكا لە رێگەی سێكسەوەیە كە ئەوە زۆر مەترسیدارە.

سكرتێری ئاژانسی تەندروستی جیھانی جەختی لە تەواوی رێووشوێنەكان بۆ رێگری لەو نەخۆشییەوە كردەوە و  گوتی، دامەزراوەكەیان زۆر بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ نەخۆشییەكەی دەكات، بەتایبەت دوای راگەیاندنی باری نائاسایی نەخۆشی زیكا لە ئەمریكای باشوور.

ڤایرۆسی زیکا لەڕێی جۆرە مێشولەیەکەوە بە ناوی "ئەیدیس" دەگوازرێتەوە، مەترسی لەسەر ژنانی دووگیان و منداڵەکەیان دروست دەکات، بەشێوەیەک ئەگەری زۆر بەهێزی هەیە کە ڕێگری دەکات لە گەشەکردنی سەری منداڵ لەناو سکی دایکدا .

ئەو ڤایرۆسە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1947 لە جەنگی زیکا لە ئۆگەندا لە نێوان مەیمونەکاندا دۆزرایەوە بەڵام ساڵی 2005 لە بەرزایل بڵاوبوویەوە، ئێستا ئەو ڤایرۆسە ھەڕەشە لە وڵاتانی باشووری ئەمریكا دەكات.

داڕشتنەوە: ش، م

Fly Erbil Advertisment