داعش لە باشووری کەرکووك گازی خەردەلی بەكارھێناوە
38 كەس برینداربوون
K24 - كەركووك:
چەکدارانی داعش چەند مووشەکێكی ھەڵگری گازی خەردەلیان ئاراستەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە شارۆچكەی تازە خورماتوو کردوە بەو ھۆیەوە 38كەس برینداربوونە.
پەیامنێری (كوردستان24) لە كەركووك رایگەیاند: "چەكدارانی داعش چەند مووشەكێكیان ئاراستەی سەنگەرەكانی پێشمەرگە كردووە لە سنووری شارۆچكەی تازە خورماتوو، تا ئێستا ھەشت كەس گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی كۆماری و 30 كەسی دیكەش گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی تازە خورماتوو".
بە گوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێرمان "ئەو كەسانەی كە بەھۆی گازی خەردەل برینداربوونە جەستەیان سوتاوە، سێ لە بەركەتووانی ئەو گازە باری تەندروستیان خراپە".
گوتیشی: "فەرماندە سەربازییەكانی حەشدی شەعبی بەكارھێنانی گازی خەردەلیان لە لایەن داعش پشتراستكردوەتەوە، ھەروەھا بەڕێوەبەری تەندروستی كەركووك و بەرپرسانی ئەمنی و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا لە نەخۆشخانەكە كۆبوونەتەوە،".
پێشتر لەسەر زاری فەرماندەكانی پێشمەرگە بڵاوكرایەوە چەند جارێكی دیكە لە لایەن چەكدارانی داعش چەكی قەدەغەكراو بەكار ھێنراوە.