كڵاوه‌كانى دۆناڵد ترامپ چينيى ده‌رچوون

دۆناڵد ترامپ بەرھەمی چینی بۆ بانگەشەی خۆی بەکاردێنێت، لە کاتێکدا ھەموو کات باس لە بە خۆماڵيكردنی بەرھەمەکانی ئەمریکا دەکات.

 K24 – هه‌ولێر:

دۆناڵد ترامپ بەرھەمی چینی بۆ بانگەشەی خۆی بەکاردێنێت، لە کاتێکدا ھەموو کات باس لە بە خۆماڵيكردنی بەرھەمەکانی ئەمریکا دەکات.

دۆناڵد ترامپ کاندیدی کۆمارییەکان بۆ ھەڵبژاردنی ئەم جارەی ئەمریکا بە دروشمی - گەڕانەوەی شکۆمەندی بۆ ئەمریکا- دەیەوێت پێش رکابەرەکانی بکەوێت.

له‌ به‌دواداچوونێكى ميدياييدا ده‌ركه‌وتووه‌، ژمارەیەکی زۆری ئەو کڵاوانەی ئەو درووشمەیان لەسەر نوسراوە بەرھەمی کارگەکانی وڵاتی چینن، تێچونی بەرھەم ھێنانیشیان تەنھا 90 سەنتە بەڵام ترامپ بە 25 ھەتا 30 دۆلار بە ھاووڵاتیانی ئەمریکای دەفرۆشێت.

زانيارييه‌ رۆژنامه‌وانييه‌كان ئاماژه‌يان به‌وه‌ كردووه‌، به‌شێك له‌و کڵاوانە بەرھەمی خودی ئەمریکان و ترامپ بە نامەیەکی خۆی کە لە ناو کلاوەکەدا دانراوە سوپاسی ئەو کەسانە دەکات کە دیارييه‌كه‌ى ده‌کڕن و پشتگیری لێ دەکەن.

دۆناڵد ترامپ یەکێکە لەبازرگانە ھەرە دەوڵەمەندەکانی ئەمریکا و لە ساڵی رابردووشدا داھاتەکەی زیاترلە 4 ملیار دۆلار بووە و یەکێکە لە کاندیدی کۆمارییەکان بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئەم جارەی ئەمریکا و ھەتا ئێستاش پێشوازییەکی زۆری لێکراوە.

ترامپ ھەمیشە بەوە دەناسرێت کە ھەموو کات باس لە باشتر کردن و بە خۆماڵیکردنی بەرھەمەکانی وڵاتەکەی دەکات.