لايهنهكان باس له كاريگهريى دووركهوتنهوهى تاڵهبانى دهكهن
لە دوای سێ ساڵ دوورکەوتنەوەی جەلال تاڵەبانی، سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق و باشووری کوردستان، ئێستا لایەنە سیاسییەکان باس لە رۆڵ و کاریگەرییەکانی ئەو کاتەی تاڵەبانی دەکەن
K24 – ههولێر:
لە دوای سێ ساڵ دوورکەوتنەوەی جەلال تاڵەبانی، سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق و باشووری کوردستان، ئێستا لایەنە سیاسییەکان باس لە رۆڵ و کاریگەرییەکانی ئەو کاتەی تاڵەبانی دەکەن؛ لەلای یەکێتییەکان خۆشترین و گەرمترین هەواڵ هەواڵی باش بوون و گەڕانەوەی دۆخی تەندروستی تاڵەبانییە.
جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەهۆی تەندروستیيەوە نزیکەی سێ ساڵە لە کورسی سەرۆکایەتی بەغدا و لە گۆڕەپانی سیاسی باشووری کوردستانیش دوورکەوتووهتەوە.
بە ڕای چاودێرانی سیاسی، تاڵەبانی بەو دوورکەوتنەوەیەی کاریگەری خراپی لەسەر بەغداد جێهێشت و لەو رۆژەوە درزێکی گەورە کەوتووهتە نێوان بەغدا و هەولێر، یەکێتیيەکان دەڵێن مام نەک هەر سەمامی ئەمان بوو بۆ عێراق، بەڵکو بۆ نێوخۆی حزبەکەی خۆيشی ئەو براگەورەیە بوو کە لەژێر چەترەکەیدا هەمووانی کۆدەکردەوە و لە قورسترین کاتدا فریاد رەس بوو.
پارتی دیموکراتی کوردستان جەلال تاڵەبانی بە سەركردەیەكی دیاری سیاسی وێنا دەکات، بەرپرسێکی باڵای ئەو حزبە دەڵێت: نەخۆشکەوتن و دوورکەوتنەوەی تاڵەبانی لە پرۆسەی سیاسیدا بە پلەی یەکەم نێوخۆی یەکێتی تووشی شڵەژانێکی گەورە کردووە و شیرازەی دۆخی کوردستانیشی تێکداوە.
روون نییە کە ئاخۆ لە داهاتوودا جەلال تاڵەبانی دەگەڕێتەوە سەرشانۆی سیاسی و درێژە بەچالاکییەکانی دەدات، یاخود نا ، ئەمە ئەو پرسیارەیە کە وەڵامدانەوەکەشی هیچ شتێک لە کاریگەری و قورسایی تاڵەبانی ناگۆڕێت.
جەلال تاڵەبانی لە رۆژی 17\12\2012 دوای تووشبوونی بە جەڵدەی مێشک و دڵ لە بەغداد دەکەوێتە نەخۆشخانە و دواتر بۆ چارەسەری پزیشکی رەوانەی ئەڵمانیا دەکرێت؛ لەدوای ساڵێک و حەوت مانگ مانەوەی لەژێر چاودێری پزیشکی، دەگەڕێتەوە بۆ دەباشان، لەو رۆژەوە چەندین بەرپرسی باڵای ناوچەکە و عێراق و کوردستانی بینیوە، بەڵام تەنها وێنەی فۆتۆیی دیدارەکانی لە راگەیاندنەکانی یەکێتیدا بڵاو دەکرێنەوە.