"حکوومەتی باشووری سودان دەستدرێژیی سێکسیی وەک پاداشت بەکاردەهێنێ"
نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەمە پاداشتی میلیشیاکانە لە بەرامبەر خزمەتکردنی ئەو حکوومەتە
K24- هەولێر
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند حکوومەتی باشووری سودان دەستدرێژیی سێکسیی وەک "پاداشت" بەکاردەهێنێ بۆ ئەو هێزە چەکدارانەی کە خزمەتی دەکەن.
نووسینگەی مافی مرۆڤ لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا راشیگەیاند: "حکوومەتی باشووری سودان سیاسەتی سوتاندنی خاک پەیڕەو دەکات و پەنای بۆ دەستدرێژیی سێکسیی و تاڵانکردن و بە مەبەست کوشتی خەڵکی سڤیل بردووە لە شەڕی نێوخۆی لەو وڵاتە لە ساڵی 2015".
نووسینگەی مافی مرۆڤ دەشڵێ: "لایەنە بەشدارەکان لە شەڕی نێوخۆ کە لە مانگی 12 ساڵی 2013 (لە باشووری سودان) دەستیپێکرد، تاوانیان ئەنجامداوە کە لە ئاستی تاوانی دژی مرۆڤایەتین، بەڵام هێزەکانی حکوومەت زۆربەی تاوانەکانیان لە ساڵی 2015 ئەنجامداوە".
نووسینگەی مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەش دەکات کە: "گێراوانەوەی ترسناک هەن لەبارەی کوشتنی خەڵکی سڤیل کە گومانیان لەسەر بووە پاڵپشتیی بەرهەڵستکارانیان کردووە و لە نێو کوژراوەکاندا منداڵ و خاوەنی پێداویستی تایبەتیش هەن کە بە زیندە بەچاڵ کراون یان لە نێو حاوییەکاندا خنکاون یاخود تەقەیان لێکراوە و کوژراون یاخود بە دارەوە هەڵواسراون و خنکێنراون یان پارچە پارچە کراون".
نووسینگەی مافی مرۆڤ لە راپۆرتەکەیدا دەڵێ: "بەربڵاوبوونی دەستدرێژیی سێکسیی ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە بەکارهێنراوە لە ململانێکە و ئەو کارە دواتر ئاسایی بووە لای سەربازەکانی سوپای میللی رزگارکردنی سودان و میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ئەوان و چەکدارانی میلیشیا هاوپەیمانەکانی حکوومەت رێگەیان پێدراوە دەستدرێژیی سێکسیی بکەنە سەر ژنان وەک پاداشتێک".
نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوەش دەکات کە: "لە یەکێک لە رووداوەکان سەربازەکان لە نێو خۆیاندا بووەتە مشتومڕیان ئاخۆ دەستدرێژیی سێکسیی بکەنە سەر کچێکی تەمەن 6 ساڵ یان نا، بەڵام لە کۆتاییدا بە گوللـە کوشتیان و تەنیا لە پێنج مانگدا زیاتر لە 1300 رووداوی دەستدرێژیی تەنیا لە یەک ویلایەتی دە ویلایەتەکانی باشووری سودان تۆمار کراوە".
سەرچاوە: CNN، ئا: ئا ، ف