"داعش کچانی ئێزیدیی ناچاری خواردنی دەرمانی دژە دووگیانبوون دەکات"
24-هەولێر
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکا دەڵێ داعش کچانی ئێزیدیی بندەستی ناچاری خواردنی دەرمانی دژە دووگیانبوون دەکات.
نیویۆرک تایمز لە لێکۆڵینەوەیەکدا دەڵێ: "چەکدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی کچانی ئێزیدیی بندەستیان ناچار دەکەن دەرمانی دژە دووگیانبوون بخۆن بۆ ئەوەی چەکدارەکانی دەستدرێژیی سێکسیی بکەنە سەریان".
رۆژنامەکە کە چاوی بە زیاتر لە 35 ئافرەتی ئێزیدیی رزگاربوو لە بندەستی داعش کەوتووە لە عێراق، لە زاریانەوە دەڵێ: "ئەوان دەرمانی دژە دووگیانبوونیان وەرگرتووە چی بە خواردن بێ یان بە رێگەی دەرزی یاخود هەردووکیان پێکەوە".
رۆژنامە ئەمریکییەکە ئاماژەش دەکات کە: "لە دۆخێکدا بەلانی کەم یەکێک لە کچە ئێزیدییەکان ناچار کراوە منداڵەکەی لەبار ببات بۆ ئەوەی چەکدارانی (داعش) دەستدرێژیی سێکسیی بکەنە سەری و چەند ئافرەتێکی دیکەش فشار خراوەتە سەریان بۆ ئەوەی هەمان کار بکەن".
ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی رێکخراوە پەیوەندیدارەکان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا بە "هەزاران" ئافرەتانی ئێزیدیی لە بندەستی داعش رزگار کراون، بەڵام هێشتا بە "هەزاران" ئافرەتانی ئێزیدیی لە بندەستی داعش ماون.
ئا: ئا ، ف